کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەنجومەنی ناوەندی: لەدەستدانی م. حەمید دەروێش خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد

.

11:26 AM - 24/10/2019

دەقی بروسكەی ماتەمینی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ كۆچی دوایی م.حەمید دەروێش

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەرێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا
خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی مامۆستا حەمید دەروێش

‎بە داخ و پەژارەیەکی قوڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و هاورێ و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال مامۆستا حەمید دەروێش سكرتێری پارتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا مان پێگەیشت.

بەناوی هەڤاڵانی سکرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندییەوە پرسە و ماتەمینی ئەنجومەنی ناوەندیتان پێ ڕادەگەیەنین و بەشداریی ئەم خەمە گەورەین، سەرەخۆشی ئاڕاستەی یەک بەیەکی كادیر و ئەندامانی حزبە تێكۆشەرەكەتان و خانەوادەكەتان دەکەین.

مامۆستا حەمید دەروێش هەر لە لەتەمەنی گەنجێتیەوە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانی لە دڵ و دەرونیدا چەكەرەی كردوە و هەموو تەمەنی خۆی لە پێناوی دۆزی رەوای گەلەكەیدا تەرخانكرد، دێرینترین سیاسەتمەداری رۆژئاوای كوردستانە و لە ساڵی 1957بەهاوكاری چەند هاوڕێیەكی یەكەم پارتی كوردی لە سوریا دامەزراندوە، بەشداری چەندین کۆبونەوە و کۆنفرانسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کردوە و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد و کەمە نەتەوایەتییەکان بوو.
هاورێ و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال بوو كە لە چەندین قۆناغ و وێستگەی ژیانیاندا پێكەوە خەباتیان بۆ بە دیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد كردوە و هەمیشە پێداگری لەسەر پیادەكردنی سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال دەكردەوە.
بەداخ و كەسەرێكی قوڵەوە بەرەبەیانی ئەمرۆ 24/10/ 2019 لەقامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان دڵە گەورە و پڕ لە ئاواتەكانی مامۆستا حەمید دەروێش لە لێدان كەوت و بۆ یەكجاری ماڵئاوایی لە هاورێ و هاوسەنگەرانی كرد، لەدەستدانی مامۆستا حەمید دەروێش زیانێكی گەورەیە بۆ گەلی كوردستان بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی.
لەم بۆنە خەمبارەدا پشتیوانی و هەماهەنگی نێوانمان دووپاتدەكەینەوە و هیوادارین هاورێ و هاوسەنگەرانی مامۆستا حەمید لە پارتی پێشكەوتنخوازی كورد لەسوریا لەسەر هەمان نەهج و سیاسەتی مامۆستا حەمید درەوێش پیادە بكەن پەیوەندییەكانمان بە بەهێزی بمێنێتەوە .

داواکارین لەپەروەردگار رۆحی پاكی مامۆستا حەمید دەروێش بە بەهەشتی فراوانی شاد بکات، ئارامیی و دڵنەواییش بەئێوەو هەموو لایەک ببەخشێت و ئەوە دوایین ناخۆشی و خەمتان بێت.

انا للە وانا الیە راجعون

ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک)

24/10/2019

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە