کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەرشەلۆنە و ئنتەرمیلان بردنەوەیان تۆماركرد

.

10:31 AM - 24/10/2019

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەیاریگای ئیدین ئەرێنا و لەجەولەی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بردنەوەیەكی گرنگ و بەنرخی تۆماركرد كاتێك بە2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لەیانەی سلاڤیا پراگی چیكی بردەوە.
لیۆنێل میسی كاپتن و ئەستێرەی یەكەمی بلوگرانا زۆر بواری بەیانەی خاوەن یاریگا نەدا و لەدەقیقەی 3 و  بەسود وەرگرتن لەئەسیستی ئارسەر میلۆ گۆڵی یەكەم و پێشكەوتنی تۆماركرد.
 یانەی خاوەن یاریگا لەدەقیقەی 20 هەوڵی دا وەڵامی یانەی میوان بداتەوە، بەڵام شتیگنی گۆڵچی لێهاتووانە بەرپەرچی لێدانەكەی زیلینی دایەوە، لەدەقیقەی 29 لویس سوارێز بەشوتێك هەوڵی دا گۆڵ تۆمار بكات، بەڵام سەرستونی گۆڵەكەی گرت، لەدەقیقەی 36 جارێكی تر شتیگنی گۆڵچی بەرشەلۆنە ئاست بەرزی خۆی نمایشكرد و گۆڵەكەی لەهەوڵێكی ئۆلانیكا پاراست.
لەساتەكانی كۆتایی گێمی یەكەم لۆكاس ماسوبوست هەلێكی بۆ رەخسا بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە، بەڵام سەركەوتو نەبوو.
گێمی دووەمی یاریەكە بەهێرشەكانی یانەی خاوەن یاریگا بۆ سەر گۆڵی بەرشەلۆنە دەستیپێكرد، لەدەقیقەی 50 یان بۆریل تۆڕی گۆڵی شتیگنی هەژاند و ئەنجامەكەی بۆ یانە چیكیەكە یەكسانكردەوە، بەڵام خۆشی ئەو یەكسانكردنەوەیە زۆری نەخایاند و لەدەقیقەی 57 لویس سوارێز بەهاوكاری پیتەر ئۆلانیكای یاریزانی سلاڤیا پراگ گۆڵی دووەمی بەرشەلۆنەی تۆماركرد كە گۆڵەكە بەهەڵەی ئەو یاریزانە ئەژماركرا.
لەدەقیقەی 68 كلاری گۆڵچی یانەی خاوەن یاریگا رێگەی نەدا میسی گۆڵی دووەمی خۆی و یانەكەی تۆمار بكات، دوای ئەوە هێرشەكانی یانە كەتەلۆنیەكە بەردەوام بوو، لویس سوارێز لەدەقیقەی 69 هەلێكی تری گۆڵ تۆماركردنی لەدەستدا، بەهەمان شێوە میسی لەدەقیقەی 75 هەلێكی هاتە بەردەم بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەگۆڵ تۆماركردن و دواجار یاریەكە بەبردنەوەی بەرشەلۆنە بە2 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك كۆتایی هات و خاڵەكانی لەلوتكەی ریزبەندی كردە7 خاڵ.
لەیاریەكی تری كۆمەڵەی شەشەم یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاری لوتكەی یاریگای جۆسێپی میاتزای بە2 گۆڵ لەبوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی میوانی بردەوە، هەر لەگەڵ دەستپێكردنی یاریەكە هێرشەكانی نیراتزۆری بۆ سەر گۆڵی دۆرتمۆند دەستیپێكرد، لەدەقیقەی 22  لاوتارۆ مارتینێز تۆپێكی لە ستیڤان دی فری وەرگرت و گۆڵی یەكەم و پێشەكەوتنی یانەكەی پێ تۆماركرد و خۆشی خستە ناو دڵی هاندەران و كۆنتی راهێنەری.
لەدوا ساتەكانی گێمی یەكەم یەكەم هەوڵی مەترسی دۆرتمۆند بۆ سەر گۆڵی ئینتەرمیلان لەرێگەی جادۆن سانچۆ بوو، بەڵام سەمیر هاندانۆڤیچی گۆڵچی بەرپەرچی دایەوە.
لەسەرەتای گێمی دووەم دۆرتمۆند لە فشارەكانی بەردەوام بوو لەدەقیقەی 64 هاندانۆڤیچ جارێكی تر لێهاتووانە بەرپەرچی مەترسیەكی دۆرتمۆندی دایەوە و رێگەی نەدا ئەنجامەكە یەكسان بكەنەوە.
لەدەقیقەی 75 كاندریفا بەدورخستنەوەی مەترسیەك دۆرتمۆندی لەیەكسانكردنەوە بێبەشكرد، لەدەقیقەی 81 ناوبژیوان لێدانێكی پەناڵتی بۆ ئنیتەرمیلان ئەژماركرد بەڵام لاوتارۆ مارتینێز بەهۆی لێهاتویی بۆركی گۆڵچی دۆرتمۆند لێدانەكەی لەدەستدا.
لەو كاتەی یاریەكە بەرەو كۆتایی دەچوو و لەدەقیقەی 89 و لەهێرشێكی هەڵگەراوەدا ئەنتۆنیۆ كاندریفا توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و بردنەوەی یانەكەی دووپاتبكاتەوە.
سەرەنجام یاریەكە بەبردنەوەی ئینتەرمیلان بەگۆڵێكی بێ بەرامبەر كۆتایی هات و ئەو یانەیە لەگەڵ هاندەرانیان ئاهەنگی تۆماركردنی یەكەم بردنەوەیان لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ گێڕا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە