کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

توركیا 17 ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوەكەی بەكاردەهێنێت

.

05:09 PM - 23/10/2019


حكومەتی توركیا هەوڵدەدات 17 ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بەكاربهێنێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، حكومەتی ئەنكەرە ماوەی چەند مانگێكە كار لەسەر دانانی پلانێك دەكات بۆ ئەوەی 100 ملیار لیرە كە دەكاتە 17 ملیار‌و 100 ملیۆن دۆلار، لە هەژماری بانكی ناوەندییەوە بگوازێتەوە بۆسەر هەژمارێكی تایبەتی وەزارەتی گەنجینە‌و دارایی توركیا.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاوەكو ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر گواستنەوەی ئەو پارەیە نەدراوە‌و وەزارەتی گەنجینە‌و بانكی ناوەندیش هیچ زانیاریەكیان نەدركاندووە، بەڵام حكومەتی توركیا سوورە لەسەر گواستنەوەی ئەو پارەیە بۆ ئەوەی لە پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵدا بەكاری بهێنێت.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی توركیا لە مانگی تەمموزدا یاسایەكی پەسەندكرد، كە ڕێگە بە حكومەت دەدات بەشێك لە یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی وڵاتەكەی بۆ وەزارەتی گەنجینە‌و دارایی بگوازێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكان، لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا كورتهێنانی بودجەی توركیا گەیشتۆتە 85 ملیار‌و 500 ملیۆن لیرە‌و پێشبینی دەكرێت تاكۆتایی ئەمساڵ بگاتە 125 ملیار لیرە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە