کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئێران دەبێتە یەكەمین هاوبەشی بازرگانی عیراق

.

05:52 PM - 20/10/2019


 باڵیۆزی عیراق لە تاران رایدەگەیەنێت، سەرەڕای گەمارۆكانی ئەمریكا بەغدا هەوڵدەدات ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بۆ 20 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرزبكاتەوەو بەو شێوەیەش ئێران دەبێتە یەكەمین هاوبەشی بازرگانی عیراق.
(سەعەد جەواد قەندیل) باڵیۆزی عیراق لە تاران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندن، لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران‌و عیراق 12 ملیار دۆلارە لە ساڵێكدا‌و رێككەوتن لەنێوان هەردوو وڵاتیش كراوە، بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران‌و عیراق بۆ ئەو ژمارەیە بەرز بكرێتەوە، ئەوا ئێران دەبێتە سەرەكیترین هاوبەشی بازرگانی عیراق، هاوكات و كۆمەڵێك خاڵ دەستنیشانكراوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوانیان بدرێت‌و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بەرزبكەنەوە، ئەوەش لە رێگەی دروستكردنی شاری سنووری‌و  ناوچەی بازرگانی ئازاد لەسەر سنووری هەردوو وڵات دەبێت.
باڵیۆزی عیراق لە تاران تەئكید دەكاتەوە، سەرەڕای سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر ئێران، بەڵام هەوڵەكانی بەغدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تاران بۆ 20 ملیار دۆلار بەردەوامە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ژمارەیە وادەیەك دانەنراوەو گفتوگۆو دانوستانەكانی هەردوولا لەسەر ئەو پرسە بەردەوامەو بریارە ئەو مامەڵە بازرگانیەش بەدراوی تر جگە لە دۆلار ئەنجام بدرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە