کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سۆسیال دیموكراتەكانی سوید رۆڵی یەكێتی بەگرنگ وەسفدەكەن

.

02:45 PM - 19/10/2019


  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ  شەممە  عومەر فەتاح كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی سەنتەری ئۆڵف پاڵمای سوید كە پێكهاتبوون لە ئەڤین ئینجیر ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپاو كادر كەسیرگە ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر فراكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكان. لەدیدارێكدا كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و تەحسین نامیق لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئامادەیبوون،   عومەر فەتاح ستایشی هەڵوێستی گەل‌و حكومەت‌و پەرلەمانی سویدی كرد، كە هەمیشە پشتیوانی گەلی كوردستان بوون،  داواشیكرد لە سەر ئاستی ئەوروپا هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و راگرتنی شەڕو پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان.    كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: یەكێتی پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانێتی لەگەڵ سوید، بەجۆرێك جگە لە بواری سیاسی، سوید لە بواری ئابوری‌و بەتایبەتی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان  رۆڵی گرنگ و كارای هەبێت.  لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا،   سەعدی ئەحمەد پیرە داوایكرد "سوید كۆمەكی مرۆیی پێشكەش بە ئاوارەكانی رۆژئاوا بكات‌و لەسەر ئاستی ئەوروپایش هەوڵی كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ گەلی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان بدەن.
  لای خۆشیانەوە وەفدی سوید پەرۆشیی خۆیان پیشاندا بۆ بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و رۆڵی یەكێتی-یان بەگرنگزانی بەهۆی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیەی لەگەڵ سۆسیال دیموكراتەكانی ئەوروپاو سوید بەتایبەتی هەیەتی، ئاشكراشیانكرد حكومەتی سوید بەبڕی دە ملیۆن دۆلار كۆمەكی مرۆیی پێشكەش بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكات.
لە پەرلەمانی سوید شەش پەرلەمانتاری كورد هەیە، كە چواریان سەربە  پارتی سۆسیال دیموكراتە، لە پەرلەمانی ئەوروپاش سوید بیست كورسی هەیە، كە پێنج كورسیان سەربە سۆسیال دیموكراتەكانە‌و دووانیان كوردن، وەك كاردانەوەیەكیش بەرامبەر بە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، سوید بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەكی بە توركیا داو تاووتوێی دەركردنی سزای تریش دەكات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە