کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

هەر ئۆتۆمبێلێك لە پشكنین دەرنەچێت رێگەی پێنادرێت هاوردە بكرێت

.

06:16 PM - 08/10/2019


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕوانامەی (سی ئۆ سی)یان نییە رێگەیان پێدەدرێت هاوردە بكرێن، بەمەرجێك لە پشكنین دەربچن، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلە لێدراوانەی لە خاڵە سنورییەكان راگیراون‌و لە پشكنین دەرنەچوون دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هێنراون.
لەدوای كۆبوونەوەی لیژنەیەكی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ‌و دارایی هەرێمی كوردستان، بەئیمزای (رێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆ بڕیاریدا، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای یەكی تەمموزی ئەمساڵ هاوردەكراون‌و لە پشكنین دەرنەچوون‌و لە خاڵە سنورییەكان راگیراون، لەسەر خاوەنی كۆمپانیا پێویستە بیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شوێنەی كە لێوەی هاتووە.
هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای یەكی ئەیلولی ئەمساڵەوە بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی (سی ئۆ سی) لە خاڵە سنورییەكان راگیراون، هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، بەمەرجێك لە پشكنین دەربچن.
بەپێی رێنماییە نوێیەكەی وەزارەتی ناوخۆ، نابێت ئۆتۆمبێلی لافاو یان لێدراوی قورس‌و محەوەر داخڵی هەرێم بكرێن، ئەگەریش كۆمپانیاكانی پشكنین كارئاسانی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بكەن، كە پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆن، ئەوا بەبڕی 50 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە