کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال

.

12:32 PM - 03/10/2019

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی دوو ساڵی ژیانئاوایی مام جه‌لال.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌..

جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان..
 دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مام جه‌لال، ڕابه‌ری هه‌ڵكه‌وتوو، تێكۆشه‌ری پشوو درێژو شۆڕشگێڕی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ خه‌باتی گه‌لی كوردستان بۆ ڕزگاری‌و ئازادی‌و سه‌لماندنی مافه‌ دیموكراسی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، یه‌كه‌م سه‌رۆكی كۆماری كوردی هه‌ڵبژێردراوی عێراق‌و ڕابه‌ری شۆڕشی نوێ‌و سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ژیانئاوایی كرد.
  سه‌رۆك مام جه‌لال، جگه‌ له‌وه‌ی شۆڕشگێڕ‌و سه‌ركرده‌و ڕابه‌رێكی به‌ئه‌زموون‌و پشوودرێژو دووربینی شۆڕش بووه‌، دیپلۆماتكارێكی كارا بووه‌ بۆ ناساندنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان به‌ ناوه‌نده‌ جیاجیاكانی جیهان.
   ژیانئاوایی سه‌رۆك‌و رابه‌رمان (مام جه‌لال)، هه‌موو گه‌لی كوردستان‌و پێكهاته‌كانی عێراقی خه‌مباركرد، چونكه‌ له‌ خه‌بات‌و ئه‌زموونی نیو سه‌ده‌یدا، مام جه‌لال هه‌میشه‌ پێشه‌نگی برایه‌تی گه‌لان‌و پارسه‌نگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عێراق‌و قوڵكردنه‌وه‌ی ته‌بایی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان‌و عێراقیش بووه‌. سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ داكۆكیكاربووه‌ له‌ ڕه‌نجده‌رانی بیروبازوو، خه‌مخۆری خانووه‌ قوڕه‌كان بووه‌. له‌ سایه‌ی ڕابه‌رایه‌تی‌و سه‌رۆكایه‌تی مام جه‌لال دا، ئازادی بیرو ڕاو ڕه‌خنه‌گرتن، ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی‌و دیموكراسیانه‌ی هه‌موو چین‌و توێژه‌كان به‌تایبه‌تی ژنان گه‌شه‌ی كردووه‌.
 له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌یشدا، سه‌رۆك مام جه‌لال، هه‌میشه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان له‌ به‌شه‌كانی تر، به‌ رێگای ئاشتی‌و دانوستان‌و خه‌باتی دیموكراسیانه‌، هه‌ر بۆیه‌ گه‌لی كوردستان له‌ به‌شه‌كانی تر‌و گه‌لانی ناوچه‌كه‌یش، به‌ژیانئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال، پشتیوان‌و پێشه‌نگێكی له‌خۆبردووی ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیانیان له‌ده‌ستدا.
   له‌ یادی دوو ساڵه‌ی ژیانئاوایی سه‌رۆك‌و ڕابه‌رمان مام جه‌لال، په‌یمانی شه‌ره‌ف دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌سه‌ر رێبازی مام جه‌لال‌و شه‌هیدان به‌رده‌وام بین، تا  به‌دیهێنانی دوا ئامانج‌و ئاواتی گه‌له‌كه‌مان. ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندو پڕ له‌ وانه‌‌و په‌ندی سه‌رۆك (مام جه‌لال)یش هه‌میشه‌ دوورنمای خه‌باتی ئێستاو داهاتوومان ده‌بێت. ناو و یاده‌وه‌ری مام جه‌لال، ئه‌زموون‌و خه‌باتی زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ی، فكرو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شۆرشگێڕی مام جه‌لال، بۆ هه‌میشه‌ له‌ناو ویژدان‌و فكر‌و ئاكارماندا به‌زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.
سڵاو له‌رۆحی پاكی  ڕابه‌ر‌و سكرتێر‌و سه‌رۆكی مێژوویمان (مام جه‌لال).

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

3/10/2019

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە