.
10:51 AM - 03/10/2019
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مامی گه‌وره و خۆشه‌ویست و وره به‌رزم كۆچی دوایی كرد.
مام جه‌لال هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕشی نوێی رزگاریخوازی كوردستان و خوڵقێنه‌ری مافی چاره‌ی خۆنوسین بوو. سه‌ركرده‌یه‌كی ئاشتیخواز و جه‌ماوه‌ریی و پشوودرێژ، پشتیوانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، لایه‌نگری حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار، و پارێزه‌ری ئه‌زموونێكی هاوسه‌نگی حوكمڕانیی بوو له هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا.
مام جه‌لال له حه‌فتا ساڵ خه‌باتی نه‌پساوه، له دانوستانه سه‌خته ناوخۆیی، عێراقی، ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی كورد و كێشه‌ی كه‌ركوك تێكۆشا، ئه‌و كه‌ركوكی ناونا (قودسی كوردستان)، و توانی له دڵی هه‌مووماندا ئه‌و راستییه بیچه‌سپێنێت كه تا كوردێكی به‌شه‌ره‌ف مابێت پێویسته كه‌ركوك كوردستانی بێت.
مام جه‌لال، سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)، پشتئه‌ستوور به پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆڵی گرنگی بینی له دروستكردنی به‌ره‌ی كوردستانی، و له‌ڕێی پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پاڵپشتیكردنیان، له لاوازكردن و روخاندنی رژێمی صه‌دامی دیكتاتۆردا سه‌ركه‌وت. له ماوه‌ی دوو خولی سه‌رۆكایه‌تیكردنی عێراقیشدا، عێراقی له خزانی زیاتر به‌ره‌و خوێناوی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی پاراست، به‌ره‌ی گروپه یاخییه‌كانی به كرانه‌وه و لێبوردن تێك‌شكاند، ناونرا (صه‌مامی ئه‌مانی عێراق)، رۆڵی سه‌ره‌كی بینی له دابینكردنی ئارامی و رێی له جه‌نگی ئیقلیمی گرت.
مام جه‌لال دیپلۆمات و ئاشتیخوازێكی نمونه‌یی، له كات و ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیار، به سه‌ركرده و سه‌رۆكێكی بێ وێنه ناوی چووه مێژووه‌وه.
به‌داخه‌وه، دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، من و ئێوه و سه‌دان هه‌زار كه‌سی تر، هه‌واڵی كۆچی دوایی مام جه‌لالمان پێ گه‌یشت. هه‌موو به‌و هه‌واڵه تاساین. خه‌مێكی قووڵ له هه‌ناوی هه‌ریه‌كێكمان و، بۆشاییه‌كی گه‌وره له ناو یه‌كێتیی و له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له عێراق و ناوچه‌كه ده‌ركه‌وت، كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه. ماته‌مگێڕان، سه‌دان هه‌زار كه‌س، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه یه‌كێتیی نه‌بوون، كه كورد نه‌بوون، بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی مام جه‌لال گریان، نیگه‌ران و نادڵنیا له ئاینده و چاره‌نووسیان دوای مام جه‌لال: كه ئایا ئاشتی و ئاوه‌دانی و رێبازه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئێستا و دوای دوو ساڵ له‌و بۆشایی و ماته‌مه سه‌رتاسه‌رییه، دۆخێكی پڕ هه‌ڕه‌شه، باڵی كێشاوه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، كه‌ركوك و، عێراق و ناوچه‌كه. و وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له هه‌مووكات زیاتر پێویستمان به ده‌ستنیشانكردن و پابه‌ند بوونه به بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی رێبازی مام جه‌لال بۆ رزگاربوون.
له غیابی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و له‌پێناو نوێكردنه‌وه و درێژه‌دان به رێبازه‌كه‌ی، په‌یكه‌ر و رێكخستن و سیاسه‌تی یه‌كێتیی، پێویستی به داڕشتنه‌وه هه‌یه. پێویسته دڵسۆزانی مام جه‌لال، به به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی هه‌ڤاڵانه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
یه‌كێتییه‌كی نوێ و پته‌و، كه بتوانێت له كوردستاندا نوێنه‌رایه‌تی سه‌رمایه سیاسییه‌كه‌ی مام جه‌لال بكا، یه‌كێتییه‌كی جه‌ماوه‌رییه كه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كاندا ده‌بێت، و پێویسته له ده‌سه‌ڵاتدا، له حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا، شه‌ریك بێت نه‌ك به‌شدار.
ته‌نها یه‌كێتییه‌كی شه‌ریك له ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌توانێت ئۆباڵی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست و شایسته به خه‌ڵكی كوردستان، بگرێته ئه‌ستۆ، ته‌نها رێگه‌ش بۆ به‌رده‌وامبوونی یه‌كێتیی له كایه‌ی حوكمڕانی دا، پێویسته لێره‌وه بێت. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه‌متر له پێگه‌ی تاكی كورد، به تاكی كورد ره‌وا ببینێت، هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك كه جێبه‌جێ نه‌كرێت، هه‌ر گوند و شارۆچكه و شارێك كه له داهات و بنیادناندا، په‌راوێز بخرێت، ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته، له زۆنی سه‌وز ره‌دده‌كرێته‌وه.
كاتی ئه‌وه هاتووه یه‌كێتیی نیشتمانیی، پشتبه‌ستوو به رێبازی مام جه‌لال و شه‌هیده‌كانی، هاوسه‌نگی له ده‌سه‌ڵات و شه‌راكه‌ت له بڕیار و بنیادناندا بچه‌سپێنێت، و به‌كه‌متر له دابینكردنی مافه‌كانی خه‌ڵك رازی نه‌بێت. و دڵنیاش بن رازیی نابێت.
رێبازی مام جه‌لال، پێكه‌وه ژیانی نێوان نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و، پاراستنی كوردستانیبوون و ئارامی و ئاسایش و وه‌به‌رهێنانه له كه‌ركوك. هه‌ر لادانێك له رێككه‌وتنه كوردستانی و عێراقییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك، و هه‌ر رێگرییه‌كی ناوخۆیی له ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك، پێچه‌وانه‌ی رێبازی مام جه‌لاله و دژی به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه و پێویسته رێگه‌ی پێنه‌درێت.
رێبازی مام جه‌لال، له‌گه‌ڵ ژیانێكی شایسته‌یه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و عێراق به جۆرێك كه خێروبێری ئه‌م وڵاته، بۆ هاوڵاتییان سه‌رف بكرێت. ئه‌ركی یه‌كێتیی نیشتمانییه له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و له جومگه‌كانی كوردستان و عێراقدا، ئێستا كه خه‌ڵك داوای مافی ره‌وای خۆی ده‌كات، به ده‌نگی به‌رز پشتیوانیی ئه‌م رێبازه بۆ مافی خه‌ڵك، دووپاتبكاته‌وه.
رۆحی مام جه‌لال شاد، و ته‌مه‌نی درێژ بۆ ئێوه
لاهور شێخ جه‌نگی
٣-١٠-٢٠١٩
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە