کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەغدا زیانەكانی تەسلیم نەكردنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

.

09:14 PM - 25/09/2019

وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی ئەو زیانە ئاشكرا دەكات، كە لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی تەسلیم نەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بەر بودجەی گشتی عیراق كەوتووە‌و بڕەكەشی بەزیاتر لە 6 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی نەوتی عیراق، كە لەبەرواری 19ی ئەیلولدا ئاڕاستەی پەرلەمانی عیراقی كردوە، تیایدا هاتووە: هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی تەسلیمی كۆمپانیای سۆمۆ نەكردوە‌و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە نەوتی كێڵگەكانی كەركوك‌و هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، بەڵام تەنها داهاتی نەوتی كەركوك دەچێتەسەر حساب بانكی وەزارەتی دارایی عیراق، كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا كۆتایی مانگی ئاب یەك ملیار‌و 374 ملیۆن‌و 640 هەزار دۆلار بووە.
وەك لە نوسراوەكەدا هاتووە: كۆی زیانەكانی تەسلیم نەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكۆتایی مانگی ئاب گەیشتۆتە 6 ملیار‌و 590 ملیۆن‌و 959 هەزار دۆلار، جگە لەوەش زیانەكان بەهۆی پێدانی كرێی گواستنەوە بەلایەنی توركی بە 117 ملیۆن‌و 252 هەزار دۆلار دیاریكراوە.
بەگوێرەی ئەو نوسراوەی وەزارەتی نەوتی عیراق، لەماوەی 8 مانگی رابردوودا هەرێمی كوردستان تەنها لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستان- جەیهانەوە بەبڕی 6 ملیار‌و 590 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە