کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار: لەدادگای دەستوریی‌و دادگای لاهایش دەتوانین سكاڵا تۆماربكەین!

.

05:50 PM - 24/09/2019



 
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بەگەرمی پێشوازی لە ژماریەەك كەسایەتی‌و پیاوماقوڵانی شاری خانەقین دەكات ‌و رایدەگەیەنێت: تاوانەكانی كیمیابارانكردن‌و ئەنفالكردن‌و خاپوركردنی گوند‌و دێهات‌و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، پرسێكی گەورەی سیاسی، یاسایی، مرۆڤایەتی‌و نەتەوایەتیمانە‌و بەشێكیشە لەگرێی نێوان كوردستان‌و بەغداد‌و بارێكی دەرونی مەترسیداری دروستكردووە. 
  لەو دیدارەیدا كە ئەمڕۆ (24/9/2019)، بەئامادەبونی مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، پاشئەوەی بەراوردێكی وردی خانەقینی ئێستای خانەقینی سەردەمی رژێمی بەعسی كردو تیایدا ئەو هەموو زوڵم‌و تەعریب‌و تەرحیلەی وەبیرهێنایەوە كە بەسەر شارەكەدا هێنرابوو، هاوكات بەگرنگییەوە تەئكیدی لەپێویستی زیاتر خزمەتكردنی سێكتەرە جیاوازەكانی خانەقین‌و خەڵكەكەی كردەوە، لەنێویاندا بەتایبەتی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی كوردیی‌و خوێندنی باڵا‌و هاوكات بەگرنگیشەوە لەپشتیوانی ‌و هاوكاری هەموو لایەكی روانی‌و وتی: ئەگەرچی حكومەتی هەرێم كەمتەرخەمە لەخزمەتكردنی زیاتری ئەم ناوچانە، هەروەك چۆن كەمتەرخەمە لەدانوستاندن لەگەڵ بەغداد، بەتایبەتی لەمادەی 140، لەكاتێكدا كە دەبێ‌، بودجەو مادەی 140 بەقەدەر یەكتر حسابیان بۆ بكرێت لەهەموو دانوستاندنێكدا‌و جەختیشیكردە:
ئەگەر مادەی 140 جێبەجێی نەبێت‌و كێشەكانی ئەم ناوچانەی مادەی 140 چارەسەر نەكرێن‌و چارەنوسیان یەكلا نەكرێتەوە، كوردستان بیەوێ‌ یان نەیەوێ‌، ئەم ناوچانە دەبن بەمایەی كێشەی گەورە بۆ كوردستان. چونكە نە كوردستان دەتوانێ‌ دەست لەم ناوچانە هەڵبگرێت‌و نە ئەم ناوچانەش دەتوانن دەست لەكوردستان هەڵبگرن. چونكە ناوچەكانی مادەی 140 ‌و كوردستانیش، هەموومان پێكەوە لەچوارچێوەی كێشە گەورەكان‌و كێشە جیاجیاكانی عیراقداین، بۆیە باوەڕموایە كە لەساڵەهای ساڵانی ئاییندەش، ئەم كێشانە هەردەبێ‌ لەعیراقدا چارەسەر بكرێن. كەوابێ‌ یەكێك لەستراتیجەكانی سیاسی چارەسەری كێشەكان، ناوچەكانی مادەی 140‌و دەشبێ‌ حكومەتی هەرێم، شێواز‌و چۆنێتی دانوستاندنی بگۆڕێ‌. تەنانەت ئەگەر بشگاتە ئەوەی لەدادگای دەستوریی‌و دادگای لاهایش سكاڵا تۆماربكەین. 
مەلا بەختیار، هەر لەو روانگەیەشەوە، جەختیكردەوە: پێویستە ستراتیجێكی نوێ‌ بۆ دانوستاندن دابڕێژینەوەو یەكێكیش لەجەوهەرەكانی ستراتیجی دانوستاندنەكە، مادەی 140‌و كێشە لەسەرەكان‌و چارەسەری سەرەكی ئەو دۆخە بێ‌ كە لێرە هەیە‌و ئیتر مایەی قبوڵ نییە.
قەرەبووكردنەوەی جولەكە لەلایەن ئەڵمانیا‌و كوەیت لەلایەن عیراقەوە، وەك بەڵگەو دۆكیۆمێن هێنایەوە، بۆ ئەوەی كوردستان، پێداگیری بكات كە حكومەتی عیراق، قەرەبوی كوردستان بكاتەوە لەبەرامبەر تاوانەكانی كیمیابارانكردن‌و ئەنفالكردن‌و خاپوركردنی گوند‌و دێهات‌و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان‌و وتی:
ئەم پرسەش، كە پرسێكی گەورەی سیاسی، یاسایی، مرۆڤایەتی، نەتەوایەتییە‌و بەشێكیشە لەگرێی نێوان كوردستان‌و بەغداد‌وبارێكی دەرونی مەترسیداری دروستكردووە‌و بەو هۆیشەوە، كۆمەڵی كوردستان، بۆتە كۆمەڵی پرسە. بۆیە چارەسەركردنی ئەو هەموو ئازارو نارەحەتییە دەرونییەی خەڵكی كوردستان‌و قوربانیانی كارەساتەكانی دەستی بەعس، بەگۆڕینی ژیانی كۆمەڵایەتی ‌و ئابوری دەبێت‌و پێویستە دڵناییەكی باشتری بۆ بكرێت. ئەوەی حكومەتی كوردستانیش كردویەتی، بەقەدەر توانای  خۆی بووە‌و كەمتر خەمی نەكردووە، بەڵام زۆر كەمترە لەو هەموو قوربانییەی بەخشراوەو لەو تاوانانەی دەرهەقمان كراوە. بۆیە ئەم مەسەلەیە، دەبێ‌ یەكێك لەپرۆژەكانی دانوستاندنی هەرێم‌و بەغداد بێت. بەتایبەتی كە سەد لەسەد هەق لای ئێمەو كەچی هێشتا غەدرمان لێدەكرێت. چونكە هێشتا لەشارەكانی عیراق‌و بەتایبەت لەبەغداد، بەدووچاو سەیری كورد دەكرێت، لەچاو عەرەب‌و نەتەوەكانی تر.
  لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە خانەقینیش لەناو ئەو دۆخە ناخۆشەداین، بەڵام ئومێدمان زۆرەو پێویستە خۆمان بەرابردوو، بەڕۆژانی كارەساتەكان‌و بێ‌ ئومێدییەكان بەراورد بكەین، بەتایبەت كە رۆژانێك لەدوای شۆڕش پێیاندەوتین: عائیدون! كە ناخۆشترین رۆژ و ناشرینرین وشەیەكە لەلام لەو مێژووەدا.
هاوكات دەستكەوت‌و سەركەوتنەكانی شاری خانەقینیشی لەهەڵبژاردنەكاندا بەتایبەتی بەمایەی سەربەرزی پێناسەكرد‌و وتی: داتا‌و ژمارە، سەنگی مەحەك‌و پێورە بۆ كوردایەتی شارەكە‌و پێویستە ئەو ژمارەیە لەویژدانمان، لەئاكارمان‌و لەدڵسۆزیمان بۆ خاك‌و نیشتمان‌و شارەكەمان بپارێزین، چونكە هەر بەو ژمارەیە دەتوانین ئاییندەی خۆمان‌و شارەكەشمان بپارێزین‌و رۆشنتر بكەینەوە‌و وتیشی: منیش هەر حیكمەت‌و مەلا بەختیارەكەی خانەقینم‌و هەرچیم پێبكرێت بۆ شارەكەم‌و خەڵكەكەی هەمیشە لەخزمەتدا دەبم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە