کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆسرەت ڕەسول عەلی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا كۆبۆوە

.

02:59 PM - 15/09/2019

كۆسرەت ڕەسول عەلی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا كۆبۆوە ‎پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٥/٩/٢٠١٩ لە شاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڕێیەتی حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی ٧٠ی كرد و لەلایەن فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەوە پێشوازی لێكرا.

‎سەردانەكەی كۆسرەت ڕەسول بەمەبەستی ماڵئاوایی كردن لە شێخ جەعفەر مستەفا و دەستبەكاربوونی مستەفا چاوڕەش وەك فەرماندەی هێزەكانی حەفتا بوو ڕێكخرابوو. ‎لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، مستەفا چاوڕەش و لاهور شێخ جەنگی و فەرماندە سەربازییەكان ئامادەی بوون، كۆسرەت ڕەسول عەلی وتەیەكی پێشكەشكردو پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی شێخ جەعفەر مستەفا كرد كە وەك جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووەو پۆستی فەرماندەیی هێزەكانی حەفتا جێدێڵێ.
‎لە بەشێكی تری وتەكانیدا جێگری سكرتێری گشتی ستایشی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە ناخۆشترین و سەختترین ڕۆژەكاندا بەرگریان لە خاكی پیرۆزی كوردستان كردووەو پاراستوویانە. ‎كۆسرەت ڕەسول ستایشی ڕۆڵی شێخ جەعفەری كرد كە لەماوەی كاركردنیدا وەك فەرماندەی هێزەكانی حەفتا و فەرماندەیەكی مەیدانی لەجەنگی دژ بەداعش و سەردەمی خەباتی شاخ ڕۆڵی قارەمانانەی هەبووەو هیوای خواست لە ئەركی نوێشیدا بەردەوام بێ لەسەر خزمەتكردن. ‎هەروەك وتیشی كاك مستەفا لەهەر پلەو پۆستێك بێ مستەفا چاوڕەشەو پیاوێكی تێكۆشەرو قارەمانە. ‎
جێگری سكرتێری گشتی لەدرێژەی وتەكانیدا كورتەیەكی لەبارەی دۆخی یەكێتی پێشكەشكردو دووپاتی كردەوە كە پاراستنی یەكێتی ئەركی هەموومانە و ڕاشیگەیاند كۆنگرەیەكی یەكێتیانە دەكەین بۆ ڕێكخستنەوەو نوێكردنەوەی یەكێتی. ‎دواتر هەڤاڵانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە ڕاو بۆچوونی خۆیان دەربڕی و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونیان هەڤاڵان لە شێخ جەعفەر مستەفا و مستەفا چاوڕەش كرد.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە