.
10:30 AM - 12/09/2019
هه‌ڤاڵانی ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان،
له یادی 28 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كه‌ناڵه‌كه‌ماندا پیرۆزبایی له خۆمان و له ئێوه‌ی ماندوونه‌ناس ده‌كه‌ین، سه‌ربه‌رزین پێتان و خۆشحاڵین كه ئێوه به‌رده‌وام به‌و گڕ و تینه‌وه له كاركردن و به‌دواداچوونه‌كانتان به‌رده‌وامن.
مێژووی كه‌ناڵی دایك، كه هاوشانی سه‌ربه‌خۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌ب‌ردنی هه‌رێمه‌كه‌مانه، ته‌مه‌نی ئێوه یه‌كسانه به ته‌مه‌نی سه‌ربه‌خۆیی و حوكمی خۆبه‌رێوه‌بردن، لێوانلێوه له سه‌روه‌ری و شانازی، ئێوه له یه‌كه‌مین ساته‌كانی ئازادییه‌وه ده‌ستان به خزمه‌ت كرد و تا ئه‌م ساته به‌رده‌وامن و گه‌شبینین به‌رده‌وام ده‌بن و خه‌رمانی سه‌ركه‌وتن و شانازییه‌كانتان پڕتر ده‌كه‌ن.
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، هه‌میشه لانكه‌ی ڕاگه‌یاندنكاری بوێر و شاره‌زا بووه، مێژووی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی پرشنگدار و پڕه له سه‌روه‌ری و شانازی، له ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستانه‌وه كه هه‌میشه هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه و چالاكییه‌كانی په‌خش ده‌كرده‌وه، ئه‌و ڕادیۆیه‌ی به ته‌نها خۆی زمانحاڵی شۆڕشێكی مێژوویی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو، له هه‌ناوی ده‌نگی گه‌لی كوردستانه‌وه ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان له دایك بوو، كه بوو به ناسنامه بۆ ڕاگه‌یاندنی كوردی و به دوایدا چه‌ندان ته‌له‌فزیۆنی تر له‌دایك بوون.
خزمه‌تی ئێوه بۆ هه‌موو چین و توێژێكه، خۆشحاڵین كه ده‌بینین له شاشه جوانه‌كه‌ی گه‌لی كوردستانه‌وه گرنگی به هه‌موو بواره‌كان ده‌درێت، له وه‌رزش و له ئه‌ده‌ب و له په‌روه‌رده و له ئابوری و سیاسه‌ت و ته‌واوی كایه‌كان، ئێوه ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵن و هه‌مووان خۆیان له شاشه‌كه‌تاندا ده‌بیننه‌وه.
به‌رده‌وامیتان له‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ی ئابوری و پشوودرێژیتان نیشانه‌ی دڵسۆزی و خه‌مخۆریتانه، ئومێدمان سه‌ركه‌وتنتانه و به‌رده‌وامیتانه به هه‌مان نه‌فه‌س و له خۆبردوویتان.
دووباره پیرۆزبێت و هه‌ر گه‌شاوه بێت شاشه قه‌شه‌نگه‌كه‌ی ته‌لفیزیۆنی دایك.
دڵسۆزتان
په‌روین بابه‌كر
11/9/2019
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە