کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بروسكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی گەلی كوردستان

.

03:22 PM - 10/09/2019

بەڕێزان، بەڕێوەبەر و رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵی گەلی کوردستان.

بەبۆنەی ٢٨ ساڵەی دامەزراندنی یەکەمین کەناڵی بینراوی کوردی ، کەناڵی دایک، گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم.

کەناڵی گەلی کوردستان، یەکەمین پەخشی لە ساڵی ١٩٩١ بە گواستنەوەی وتارە مێژووییەکەی ھەڤاڵ مام جەلال دەستیپێکرد،  کە لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول پێشکەشیکرد، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو  لە میدیای کوردی، بۆیەکەمجاریش کۆمەڵانی خەڵک گوێبیست و بینەری دەنگ و رەنگی رەسەنی کوردی بوون، ئیدی بوونە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی میدیاکار و رۆژنامەنووسان و کادرانی ھونەری و بەردەوامیش بوون و پیشەییانە درێژەتان بە کاروانی میدیایتان دا.

لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، وەک کەناڵێكی بەرپرسیار، شانبەشانی ھێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش و دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ،  رۆڵی گرنگتان بینی و ھەرئەوەش وایکرد: کە نازناوی کەناڵی پێشمەرگەتان پێببەخشرێت.

بۆ ئەمڕۆی کارکردنیشتان، بەرپرسیارێتی گەورەتان لەسەر شانە، کە بە پێی پێویستی و گۆڕانکارییەکان خۆتان نوێ بکەنەوەو پەیامی میدیایی و پیشەیتان لە ئاست خواستی بینەربێت و لە کێبڕکێی گەیاندنی راستی و زانیاری دروست، ببنە پێشەنگ و کاریگەرتر بەرنامەکانتان ئاڕاستە بکەن.

میدیای یەکێتیی - یش ئەبێت بەرپرسیارانەتر، درێژە بە گەیاندنی پەیامی نیشتمانی و پیشەیی و نەتەوەیی خۆی بدات، وردی و بابەتی بوون و رەچاوکردنی بنەماکانی کاری راگەیاندن و ئیتیکی کارکردن زیاتر رەنگبداتەوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی میدیایتاندا.

بەرچاوڕونیشم، لە کێشەو گیروگرفتە ھونەری و تەکنیکییەکانتان و دۆخی سەختی دارایتان، کە لە چوار ساڵی رابردوو دژوارانە ئەرکەکانتان رادەپەڕاند، بۆ ئەوەش سوپاسی خۆڕاگریتان دەکەم و ئیتر ئەرکی ئێمەمانانە پشتیوان و ھاوکاری زیاترتان بین.

دەستی ماندوبوونتان دەگوشین و سەرکەوتنی زیاترتان ئاواتمە.

براتان
بافڵ تاڵەبانی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە