کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەلا بەختیار پێشوازیكرد لەژمارەیەك لە هەڤاڵانی یەكێتی لەدەڤەری رانییە

.

09:05 PM - 04/09/2019

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پێشوازی لەژمارەیەك لەهەڤاڵانی یەكێتی لەدەڤەری رانییە دەكات ‌و لەگفتوگۆیەكی هەڤاڵانەشدا رایدەگەیەنێت: دەبێ‌ یەكێتی، لەیەكێتی رابردووەوە بهێنین بۆ یەكێتی ئەم سەردەمە‌و ئێستای لەمێژووەكەی جوانتر بكەین.
لەدیدارەكەیاندا كە ئەمڕۆ 4/9/219 بەڕێوەچوو، هەڤاڵانی دەڤەری رانییە، لەگەڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، گفتوگۆیان لەبارەی هەلومەرجی ئێستا كوردستان كرد و تیایدا مەلا بەختیار، وێڕای ئەوەی بەگەرمی بەخێرهاتنی هەڤاڵانی كرد، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كە یەكێتی لەكوردستاندا قەرزاری هەندێ‌ ناوچەیە، لەوانە قەرزاری خەڵكی رانیە و دەوروبەرێتی‌ و وتی: یەكێتی دووجار قەرزارین، جاری یەكەم: بەشی زۆری خۆڕاگری سەركردایەتی ‌و جەنابی مام جەلال ‌و مەكتەبی سیاسی ‌و دانانی دام ودەزگاكانی یەكێتی لەشۆڕشدا، لەقوتەی مامەند‌ و لەخڕی نێوزەنگ بووە. كە ساڵانی سەختی خەبات ‌و هەڵسانەوە و خۆڕاگری ‌و بڵاوكردنەوەی شۆڕش لەو دەڤەرە بووە.
دووەم: هەم كڵپەی راپەڕین ‌و هەم دەروازەی راپەڕین، رانیەیە. كە هەموو خەَكی كوردستانی جۆش ‌و خرۆشدا‌ و لەدوای ئەو ئازایەتییە و شەهیدەكان‌ و قارەمانێتی خەڵكی رانیە، بە پێشمەرگە ‌و هاووڵاتیان ‌و دانیشتووی سنورەكە، هەڵمەتیان دەبردە سەر بەعس. ئەمەش دووەمجارە كە قەرزاری دەڤەرەكەین.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: كە نابێ‌ لەبەرامبەر ئەو ئاوەدانیی ‌و خزمەتانەی كراوە، بێ‌ ویژدابین. هەروەك چۆن نابێ‌ بێ‌ ویژدان بین لەبەرامبەر تێكۆشان ‌و قوربانی بەخشینەكاندا‌ و لەو چوارچێوەیەشدا بەئامار گۆڕانكارییەكانی لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی ‌و بونیادنانەوە و خزمەتگوزارییەكان خستەڕوو.
هەر لەو روانگەیەشەوە، پاش ئەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كە ئەم ئەزمونەی باشوری كوردستان، فیدراڵی، خۆڕاگری، پەرلەمان‌ و حكومەتی كوردستان‌ و پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا نەبوایە، هەرگیز ئەوەی رۆژئاوای كوردستانیش رووی نەدەدا‌ و وتی: لەهەموو ئەو دەستكەوتانەشدا یەكێتی پشكی شێری بەردەكەوێت، هەتا چەند ساڵێك لەمەوبەر یەكێتی پێشەنگی ئاوەدانی ‌و گۆڕانكاریی ‌و ئازادییەكان بووە. بەڵام ئەوە چند ساڵێكە بەداخێكی زۆرەوە، هەم یەكێتی، هەم حكومەت، هەم بازاڕ كێشەی هەیە و هەم متمانەی خەڵك وردە وردە هاتۆتە خوارەوە و ئەمەش لەخۆیەوە نییە‌.
روونیشیكردەوە: دیاردەی گەندەڵی، دیاردەیەكی مەترسیدارە سەریهەڵداوە‌و پرسیارەكەش ئەوەیە ئەم حكومەتەی ئێمە بۆ چارەسەری ئەم گەندەڵییە ناكات، لەكاتێكدا حكومەتەكانی جەزائیر، سودان‌و لیبیا لەسەر گەندەڵی دەڕوخێن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و عیراقیش ئەوە دۆخەكەیەتی كە هەیە‌و
وتیشی: نەوەی دوای راپەڕین‌و ئێستا، وەكو ئێمە بیر ناكەنەوە، چونكە من ناتوانم دەستبەرداری مێژوو بم! ناتوانم دەستبەراری مام جەلال بم! ناتوانم دەستبەرداری شەهیدەكان، شەڕو قارەمانێتییەكان بم! بەڵام گەنجێك وەكو من بیر ناكاتەوەو بەڵكو گەنجێك مۆبایلەكەی‌و فەیسبوكەكەی، بەهیچ شتێكی تر ناگۆڕێتەوە، چونكە مۆبایلەكەی ‌و پەیوەندییەكانی زۆر لا گرنگە. بۆیە ئەم حكومەتە دەبێ‌ لەتێگەیشتنی نەوەی دوای راپەڕینیشەوە بەرنامەی هەبێ‌‌.
 راشیگەیاند: نابێ‌ بەرابردوو، ئێستا لە قاڵ بدەین. چونكە خەڵكی ئێستا، ئازادی، بازاڕ، بوژانەوە.. تد دەوێت ‌و لەو تێڕوانینەشەوە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئاماژەی بە ئەركەكانی ئێستای یەكێتی كرد.
 وتیشی: یەكێتی لەشاخ، ئەو یەكێتییەیە كە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەگەرچی هەلومەرجی شاخ سەخت بوو، بەڵام كۆسپ نەبوو لەبەردەم بەستنی كۆنگرە‌و كۆنفرانس‌.
جەختیشیكردەوە: كە پێویستە لەپێناو گەشانەوەی متمانەدا، رەخنە لەخۆمان بگرین ‌و سیاسەت بگۆڕین‌ و كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی بیروباوەڕی یەكێتی شەوق بداتەوەو كردارەكانی رەنگبداتەوە. چونكە خەڵك پێیخۆشە یەكێتی هێزێكی كاریگەر بێ‌، هاوسەنگی بپارێزێت ‌و نەهێڵێت هیزەكانی تر زاڵ بن، هەر هێزێك بێت. چونكە زاڵبوونی هەر هێزێك بە تەنیا مەترسیدارە و زیان لەدیموكراسی ‌و ئازادییەكان دەدات ‌و گەندەڵ‌ و دیاردە خراپەكانیش چارەسەر ناكات.
لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تەئكیدیكردەوە: یەكێتییەكان نابێ‌ بێ‌ ئومێدبین ‌و كۆڵبدەین ‌و دەبێ‌ بە بەرنامەش كەموكوڕییەكانمان بزانین ‌و رەخنەكانمان بزانین بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین، كە هەموو ئەوانەش بەكۆنگرەی گۆڕانكارییەكان دەكرێ‌، بۆ ئەوەی یەكێتی، لەیەكێتی رابردووەوە بهێنین بۆ یەكێتی ئەم سەردەمە‌و ئێستای لەمێژووەكەی جوانتر بكەین. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە