کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆسرەت ڕەسوڵ پێشوازی لە وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامی كرد

.

02:26 PM - 27/08/2019

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٧/٨/٢٠١٩ لە شاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و وەفدی هاوڕێی.
‎لە دیدارێكدا كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەدنان حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە، وەفدی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆك بوون لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەلی كورد پێویستە هەماهەنگی هەبێ لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان.
‎تەوەرێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی كوردستان و حوكمڕانی، هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هاونیشتمانیان بكا و پلانی ورد و ستراتیژی هەبێ بۆ پەرەپێدانی چاكسازی و هەوڵەكانی فراوانكردنی ئەم پڕۆسەیە.
‎كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بەوردی دیدگا و ستراتیژ و بەرنامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لەبابەتی هەرێمی كوردستان و پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان و چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای بۆ وەفدی میوان خستەڕوو و داوای كرد هەموو هێزە كوردستانییەكان بە یەك پاكێج كار لەسەر ئەم پرسانە بكەن.
‎كۆتا تەوەری دیداری نێوان وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی گفتوگۆكردن بوو لەبارەی هەڵوێستی كورد لە بەرامبەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەكان و چۆنیەتی مامەڵەی كورد لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە