کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزیری خوێندنی باڵا: مەزهەری خاڵقی سەرمایەیەکی گەورەی ئەم نیشتمانەیە

.

09:35 PM - 04/08/2019


 
د.ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: هونەرمەند مەزهەری خاڵقی سەرمایەکی گەورەی ئەم نیشتمانەیە و کارەکانی جێگای شانازین کە لەڕێگەی ئینیستیوتەکەیەوە پێشکەشی کلتور و کەلەپوری کوردی دەکات.
ئەم وتانەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی سەردانێکی دا هات بۆ ئینیستیوتی کەلەپوری کورد، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (٤/٨/٢٠١٩) کە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکارو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی یاوەریان دەکرد، و لەلایەن هونەرمەند مەزهەری خاڵقی سەرۆکی ئینیستیوتی کەلەپوری کورد پێشوازییان لێکرا.
لەمیانی پێشوازی کردنی لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هونەرمەند مەزهەری خاڵقی کورتەیەکی لەبارەی ئینیستیوتەکەی پێشکەش کردو کارو چالاکی و پوختەیەکی لەبارەی دابونەریتی کوردەواری و پێکهاتەی ئاین و نەتەوەکانی کە لەکوردستان دەژین خستەڕو، ڕاشیگەیاند: لەهەرێمی کوردسان نەتەوەو ئاینە جیاوازەکان بەئاشتی بەیەکەوە دەژین، لەو ڕوانگەیەوەش بەپێویستی زانی ڕۆحیەتی بەیەکەوە ژیان لە کوردستان کاری لەسەر بکرێت و پیشانی دونیا بدرێت، هاوکات لە دووتوێی نمایشکردنی چەند بابەتێکی بەڵگەنامەیی دۆکیۆمێنتاری ئامانجی  ئینیستیوتی کەلەپوری کورد ڕوونکرایەوە.
لەلایەن خۆشیەوە  د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: هونەرمەند مەزهەری خاڵقی سەرمایەکی گەورەی ئەم نیشتمانەیەو ئێمە شانازی دەکەین تۆ بەو تەمەنەوە بەدوای داهێنان و کۆکردنەوەی گەورەترین سەرمایەی نەتەوایەتیت ئەویش کلتور و کەلەپوری کوردییە، وتیشی: ئێمە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەی تەواوی هاوکاری و پشتیوانیتین لە پڕۆژەو بەرنامەکانت و هیوادارین وەکو گروپێک لە گروپەکانت هەژمارمان بکەیت بۆ کارەکان، هاوکات د.ئارام محمد قادر هیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ هونەرمەند مەزهەری خاڵقی خواست.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە