کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمڕۆ 121 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردیدا تێپەڕ دەبێت

.

02:38 PM - 22/04/2019

 121 ساڵ لەمەوبەر سەرەڕای مەینەت و زەحمەتێكی زۆر, لەرۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی لەلایەن میقداد مدحەت بەدرخان بەناوی رۆژنامەی كوردستان لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوكرایەوە و لە4 لاپەڕە پێكدەهات . میقداد مدحەت بەدرخان بەو هەنگاوە دەرگایەكی شارستانی بۆ گەلە ستەمدیدەكەی خۆی خستە سەرپشت و یەكەم رۆژنامەی كوردی دامەزراند و لەو رۆژەوە‌ تائێستا كاروانی خەبات و تێكۆشانی رۆژنامەگەری كوردی بەڕێوەیە بۆ بەدیهینانی ئاوات و ئامانجەكانی بەدرخان بۆ ئازادی و رزگاری كورد و كوردستان.
میقداد مەدحەت بەدرخان كوڕی‌ میر بەدرخان پاشایە و ساڵی‌ لەدایك بوون و كۆچی‌ دوایی‌ نەزانراوە و ساڵی 1891 لەتوركیاوە هاتۆتە میسر و لەوێ بەهاوكاری عەبدولِرەحمان بەگی برای یەكەم رۆژنامەی كوردی بڵاوكردەوە بەناوی رۆژنامەی كوردستان و تاوەكو 14ی نیسانی ساڵی 1902 بەردەوام بوو.
ساڵی 1898 میقداد مدحەت بەدرخان پێنج ژمارەی‌ ڕۆژنامەی‌ كوردستان بڵاوكردەوە و دوای ئەوە لە ترسی‌ هەڕەشەكانی‌ سوڵتان عەبدولحەمیدی‌ عوسمانی‌ ئەگەڕێتەوە ئەستانبوڵ  بۆ ئەوەی‌ براكانی‌ تووشی‌ ئەشكەنجەو زیندانیكردن نەبن, میقداد مەدحەت بەدرخان جگە لەوەی‌ كەیەكەمین رۆژنامەنووس و دامەزرێنەری بزاڤی‌ رۆژنامەگەری كوردییە چاپخانەیەكیشی‌ بە ناوی‌ چاپخانەی‌ ڕۆژنامەی‌ كوردستان لەقاهیرە دامەزراندووە، كەبەیەكەمین چاپخانەی‌ كوردی‌ ئەژمێردرێت‌ و جگە لەزمانی‌ خۆی ,‌ زمانەكانی‌ توركی‌ و عەرەبی‌ زمانی‌ فەرەنسیشی‌ بەباشی‌ زانیوە، بۆیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی‌ یەكەمین ژمارەی‌ رۆژنامەی‌ كوردستاندا كارتێكی‌ بەزمانی‌ فەرەنسی‌ بڵاَوكردۆتەوە كەشارستانی‌ بوونی‌ عەقڵی‌ میقداد مەدحەت بەدرخان نیشان ئەدات.
ئەگەرچی دەرچواندنی رۆژنامەی كوردستان لەقاهیرە دوور لەخاك‌و خەڵكی ستەم لێكراوی كورد بەهۆی زوڵم و فشاری ناحەزانی گەلی كورد بووە, چەندین جاریش شوێنی بڵاوكردنەوەی رۆژنامەكە جێگۆڕكێی پێكراوە و بەپێی سەرچاوەكان رۆژنامەكە سێ هەزار دانەی لێ چاپ دەكرا و دووهەزار دانەی بەخۆڕایی لەكوردستان دابەشدەكرا و دوو هەفتەجارێك دەردەچوو تێیدا گرنگی دەدرا بە بابەتە سیاسی و ئەدیبیەكان بەئامانجی رۆشنبیركردن و هۆشیاركردنەوەی گەلی كورد و سەرنجڕاكێشانیان بۆ ئەو مافە نەتەواییانەی لێیان زەوتكراوە.
لەشاری قاهیرە ژمارە یەك تا 5ی رۆژنامەی كوردستان درێژە بەچاپ و بڵاوكردنەوەی درا، بەڵام ژمارە 6 بۆ 19 رۆژنامەكە لەشاری جنێفی پایتەختی سویسڕا دەردەچوو، دواتر جارێكی تر و ژمارەكانی 20 تا 23ی لە شاری قاهیرە چاپكرایەوە.  لەبەریتانیا 5 ژمارەی تری چاپكرا و ژمارە 24ی لەشاری لەندەنی پایتەختی ئەو وڵاتە چاپكراو و ژمارە 25 تا 29ی لەشاری ڤۆڵكستنی هەمان وڵات چاپ و بڵاوكردنەوەی بۆ كرا، هەروەها ژمارە 30  و 31 وەك كۆتا ژمارە دووبارە لەشاری جنێف چاپكرا ، بەو شێوەیەش ڕۆژنامەی كوردستان وەك یەمەمین رۆژنامەی كوردی تەنها 31 ژمارەی لێ دەرچوو، بەڵام دەروازەیەكی گرنگی بەڕووی مێژووی رۆژنامەگەری گەلی كوردا كردەوە.
دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی لەقۆناغێكی مێژویی گرنگ بوو بۆ نەتەوەی كورد و كاریگەری هەبوو لەسەر پشتیوانیكردنی بەرەنگاربونەوە و خەباتی گەلی كورد بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و هەروەها یەكەم رێگاچارەی كوردبوو بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی بۆ سەرجەم ناوچەكانی جیهان, رۆژنامەكە ببوە مینبەری سەرجەم شۆرشگێڕان و خاوەن ئەو قەڵەمە شەریفانەی خزمەتیان بەمەسەلەی كوردی دەكرد كە لەلایەن بنەماڵەیەكی كوردی خەباتگێڕەوە دەردەكرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە