کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمڕۆ 22ی نیسان رۆژی زەوییە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی

.

11:33 AM - 22/04/2019

رۆژی 22ی نیسانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی زەوی دیاریكراوە و ئامانجیش لەدەستنیشانكردنی ئەو رۆژە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و گرنگیدانە بە ژینگەی سروشتی هەسارەی زەوی لەسەرتاسەی جیهاندا.
بۆ یەكەمجار لەمێژوودا لە ساڵی 1962 گایلۆرد نیڵسون سیناتۆری ئەمریكی لە ئەنجومەنی پیران بیرۆكەیەكی لا گەڵاڵەبوو بۆ  پارێزگاریكردن لە ژینگە بە ئامانجی زیاتركردنی هۆشیاری رۆشنبیری گەلی ئەمریكا، بەڵام لەو كاتەدا بیرۆكەكەی گایلۆرد نیڵسون لەناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكی گرنگیی پێویستی پێ نەدرا و پشتگوێخرا و پێیانوابوو گەلی ئەمریكی بایەخ بەبابەتی ژینگە نادات. بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی ئەنجومەنی پیران بوو كاتێك زیاتر لە 20 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی لەساڵی 1970 رژانە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی كاتێك لێچوونی بڕێكی زۆر نەوت لەشاری سانتا باربرا لەویلایەتی كالیفۆڕنیا روویدا و بەوەش لەو ساڵەدا جارێكیتر سیناتۆر نیڵسون گرنگی بەبیرۆكەكەیدایەوە و پرۆژەی دیاریكردنی رۆژێكی وەك رۆژی زەوی بۆ پاراستنی ژینگە خستەوەڕوو تا دواجار لە 22ی نیسانی 1970 بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا كرا بە رۆژی زەوی و پاشانیش لە 22ی نیسانی ساڵی  1990 رۆژی زەوی كرا بە رۆژێكی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریكردن لەژینگە. ئەوەش دوای ئەوەی  دینیس هایس  كە رێكخەرێكی ناوخۆیی ئەمریكی بوو رێكخراوێكی  بەناوی - زە بولیت فاوندەیشن - دامەزراند و لەرێگەی ئەو رێكخراوەیەوە لە ساڵی 1990 رۆژی زەوی كردە رۆژێكی جیهانی لە 141 دەوڵەتی جیهان..
لەرۆژی جیهانی زەویدا بەشێوەیەكی باو چەند چالاكییەك ئەنجامدەدرێت بۆ دەربڕینی گرنگیپێدان بەو رۆژە وەك  خۆبەدوورگرتن لەبەكارهێنانی ئۆتۆمبیل لەو رۆژەدا كە لەسەر ئاستی جیهان ئۆتۆمبیل بە یەكێك لەزۆرترین سەرچاوەكانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت. لەبەشێكی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لەئەوروپا و ئەمریكا، لەو رۆژەدا ئەو كەسانەی گرنگی زیاتر بە رۆژی زەوی دەدەن، یا بەپێ یان بە پاسكیل یاخود بەهەر ئامرازێكی تری دۆست بە ژینگە بەرەو شوێنی كارەكانیان بەڕێدەكەون.
یەكێكیتر لەو چالاكییانەی لەرۆژی زەویدا ئەنجامدەدرێت  چەندین كەس لەوانەی گرنگی بەرۆژە جیهانییە دەدەن بەخۆبەخشانە بەشداری لە چالاكییە بێ بەرامبەرەكاندا دەكەن كە دەبنەمایەی زیاتركردنی هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگە دەربارەی ژینگە لەبوارە جیاجیاكانی وەك  چاندنی درەخت  و پاككردنەوەی باخچە و دارستانەكان یاخود كاركردنی بەكۆمەڵ لەگەڵ ئەو رێكخراوە خێرخوازییانەی گرنگی بە ژینگە دەدەن.
لەئەمڕۆشدا زیاتر لە 175 وڵاتی جیهان ساڵانە بەبۆنەی رۆژی زەوی  چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن.  ساڵانەلە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو رۆژە چەند چالاكییەك ئەنجامدراوە و بۆ  بەرزنرخاندنی رۆژەكە و گرنگیدان بە ژینگە و هۆشیاركردنەوە، چەند ساتێكی كەم كارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كوژێنراوەتەوە و ئەوەشیان بەساتێك بۆ زەوی ناوبردووە، سەرباری چەند چالاكییەكی تری خۆبەخشەكان و رێكخراوەكانی دۆست بە ژینگە بەبڵاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ تاكەكان و ئەنجامدانی كەمپینی تایبەت بۆ پاككردنەوە و خاوێنكردنەوەی پارك و باخچە و شوێنە گەشتیارییە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە