کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مرواری تاقانە پڕخوێنەرترینە

.

05:51 PM - 24/03/2019


لەچەند هەفتەی رابردوودا نوێترین كتێبی نووسەر (توانا ئەمین) بەناونیشانی (مرواری تاقانە) بەدیزاینێكی قەشەنگ و تیراژێكی زۆرەوە بڵاوكرایەوەو وەك زۆرێك لەكتێبەكانی تری نووسەر، لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێكراو بەپێی قسەی زۆرێك لەكتێبخانەو فرۆشیارانی كتێبیش، ( مرواری تاقانە)ی توانا ئەمین، پڕخوێنەرترین كتێبی چاپكراوە لەم ماوەیەدا.

 مرواری تاقانە
ئەم كتێبە كە بەشی دووەمی زنجیرە نووسینێكی تایبەتی (توانا ئەمین)ەو پێشتریش بەشی یەكەمی بەناونیشانی (مینای شین) بڵاوكراوەتەوە، كتێبێكی تاڕادەیەكی زۆر تایبەتە، هەم لەڕوی شێوازی نووسین و داڕشتن، هەم لەڕوی بایەخپێدانی خوودی نووسەر بەدەق و باكگراوندی پشت نووسینەكانی نێو ئەم كتێبە.


"خۆشەویستی لای ژنان پێویستی بە كاتە، هێلكەیەكە لەسەریاندا دایدەنێی، دەبێ وازی لی بهێنیت تا ڕۆژێ ئەم هێلكەیە خۆی دەتروكێ..!"
توانا ئەمین لەكتێبی (مرواری تاقانە)دا، پانتاییەكی زۆری بۆ قسەكردن لەسەر چەمكی عیشق و خۆشەویستی تەرخانكردووەو هەوڵی داوە جیا لەخوێندنەوەو قسەباوەكانی نێو كۆمەڵگە خوێندنەوەو تەقسیرێكی نوێ و جدی بۆ چەمكی عیشق و ئەڤینداری بكات و دەڵێت "من حەقم چییە بەسەر خەڵكەوە! یاسای خۆمم بۆ ئەڤینی تـــــــۆ هەیە، من وەك سۆفییەكی پیر خۆشەویستی دەكەم و تـــــــۆیش كەیفی خۆتە، من وەك خۆشەویستییەكی پاكی ناو گۆرانییەكی كامەران عومەری هەشتاكان خۆشم دەوێیت و ئینجا تـــــــۆیش كەیفی خۆتە".


" ئەم مروارییە زۆر تاقانەیە"
(توانا ئەمین) لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەبارەی ئەم كتێبە نوێیەیەوە نووسیوێتی " ئەم مروارییە زۆر تاقانەیە"، هەرلەبەر ئەوەش هەر زوو تێكست و بەرگی (مرواری تاقانە)، لەسۆسیال میدیادا رەنگدانەوەی هەبوو، زۆرێك لەخوێنەران، وێنەی پرۆفایلەكانیان گۆڕی بەبەرگی (مرواری تاقانە)، یاخود دێڕو بەشێك لەدیالۆگەكانی نێو ئەم كتێبەیان لە(فەیسبوك و تویتەرو سناپ چات و ئینستاگرام) بڵاودەكردەوە، ئەمەش مانای ئاوێتەبوونی تێكستەكانی نێوكتێبەكەو رۆح و هزری خوێنەرەكانی دەگەیەنێت.


یەكێك لەو رەخنەگرانەی قسەی جدی لەسەر چاپكردنی كتێبەكانی ئەم سەردەمە هەیە، لەبارەی (مرواری تاقانە)ەوە وتی" ئەگەر مرواری تاقانە نەخوێنیتەوە مەلێ خوێنەرم"، بۆیە پێشنیاری كرد دەرفەت بڕەخسێنن و تێكستەكانی نێو(مرواری تاقانە) لەكیس خۆتان نەدەن.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە