کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەو بودجەیەی عیراق دەنێرێت بەشی موچەی نیوەی هێزەكانی پێشمەرگە ناكات

.

11:41 AM - 18/03/2019

فەریق ڕوكن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكیدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند: ئەو بودجەیەی حكومەتی عیراق بۆ موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەینێرێت كە برەكەی 68 ملیار دینارە بەشی موچەی نیوەی هێزەكانی پێشمەرگە ناكات ئەگەر بەپێی سیستمی موچەی پەیڕەوكراو بدرێتە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەشدا: ناردنی ئەو بودجە تایبەتیە بەهیچ جۆرێك نابێتە هۆی زیادبوونی موچەی پێشمەرگە، چونكە دەبێت مانگانە بڕی نزیكەی 140 ملیار دینار بودجە هەبێت و ئەگەر بەپێی سیستمی بەرگری عیراقی موچە بدەینە هێزەكانی پێشمەرگە و دەبێت مانگانە نزیكەی 280 ملیار دینار بودجە بۆ هێزی پێشمەرگە لەبەردەستدا بێت. سەبارەت بە هاوتاكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراقی فەریق ڕوكن جەبار یاوەر وتی: بێگومان ماوەی حەوت ساڵ زیاترە لە 2006-وە تا 2013 بەشێك لەگفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنی عیراقی لەسەر ئەو بابەتە بووە بەڵام نەگەیشتوینەتە ئەنجام چونكە كێشەی ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە بەتەنها موچە نیە بەڵكو ئەو بودجەیە بۆ كڕینی خواردمەنی و پێداویستی و كەلوپەلی سەربازیش بەكاردێت هەروەك ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی بەرگری عیراق تەرخان كراوە.
دەربارەی بەردەوامی هاوكارییە مادییەكانی ئەمریكا بۆ پێدانی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە جەبار یاوەر وتی: بەدوو جار لە دوو یاسای بودجەی ئەمریكی-دا لەوێ بڕێك پارە تەرخان كراوە بۆ یارمەتی دانی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە كە شەڕی دژی داعش-ییان كرد كە نزیكەی 26 هەزار پێشمەرگەن و موچەكانیان لەو بڕە پارە دەدرێت كە مانگانە 20 ملیار دینارە و بۆ موچەی بەشێك لەهێزی پێشمەرگە تەرخاندەكرێت بەتایبەت لیوای پیادە كە شەڕی دژی داعش دەكەن وە بەشێكیش لەو پارەیە بۆ بنكەی مەشق و ڕاهێنان ، هەروەها بەشێكی تری بۆ خواردەمەنی و سوتەمەنی بۆ كڕینی هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان دەكرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە