کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی عەبادی دەداتەوە

.

05:24 PM - 10/12/2017



وەزارەتی پێشمەرگە بەهۆی ناو نەهێنانی پێشمەرگە لە راگەیاندنی كۆتایی هاتنی شەڕی دژ بە داعش وەڵامی حەیدەر عەبادی دەداتەوە.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كاتێكدا كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشی لە عیراق ڕاگەیاند، پیرۆزبایی لە هەموو هێزە چەكدارەكانی عیراق كرد و ناوی هێنان، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ناوی پێشمەرگەی نەهێنا ، لە بەرامبەردا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان وەڵامی حەیدەر عەبادی دایەوە و رایگەیاند: بەداخەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك جارێكی تریش نەیتوانی وەك سەرۆك وەزیرانی وڵات مامەڵە بكات و ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان پشتگوێ نەخات، لە كاتێكدا جیهان شاهیدە كە یەكەمجار پێشمەرگە بەر لە هەموو هێزە چەكدارەكانی تری عیراق كە ئەو ناوی هێنان و پیرۆزبایی لێكردن، ئەفسانەی داعشی تێكشاند و ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە هیچ دوور نەبوو ئێستاش داعش نیوەی جوگرافیای عیراقی لەژێر دەستدا نەبێت, وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكردووە پێگە و ڕێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە و خانەوادە سەربەرزەكانیان لەناو گەلی كوردستان و لە جیهانیشدا زۆر لەوە گەورەترە ڕۆژێك لە ڕۆژان پێویستی بە پیرۆزباییی حەیدەر عەبادی و هەموو ئەوانە بێت كە بەو شێوەیە بیر دەكەنەوە و ڕەفتار دەكەن، بۆیە پێشمەرگە نە چاوی لێیە، نە پێویستی بەو پیرۆزبایی و پشووە هەیە كە بەو بۆنەیەوە ڕاگەیەنراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە