کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

تێگەیشتنی راست و دروست لەبارەی شەكرەوە

.

06:47 PM - 11/03/2015

ئاشكرایە كە شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە هەرە باوەكانی ئەم سەردەمە، شەكرە پێنجەم هۆكاری مردنە لە جیهاندا و ئەگەری هەیە لە ٢٠٢٠ ببێتە چوارەم. وە كاتێك هەر نەخۆشییەك بڵاو بێت، جۆرەها باس و خواس دێت بە دووایدا و زۆرجار زانیاری هەڵە دەبیستین.

چی بكەین؟

سەرەتا زۆر گرنگە كە هەر تاكێك لە ئێمە زانستی بیربكەینەوە، واتە بزانین سەرچاوەی ڕاست كامەیە؟ گەر وا نەبێت ئەوا دەكەویتە هەڵەوە و گوێ بیستی كەسێك دەبیت كە ئاستی زانستی نزم بێت، بۆ نموونە تۆ مامۆستا بیت و شەكرەت هەبێت و گوێ بیستی چارەسەی پیرەژنێك بیت كە نازانێت ناوی خۆی بنووسێت. دەبێت ئاگادار بین كە تەنانەت هەندێك لە میدیاكانیش، بە داخەوە، خەریكی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵەن لەسەر نەخۆشییەكان و زۆربەیان ڕاوێژكاری پزیشكیان نی یە!

كورتەیەك لەسەر شەكرە:

شەكرە: واتە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا لە ئەنجامی نەمان یان سست بوونی ئینسولین لە لەشی مرۆڤدا. چەندجۆرێك شەكرە هەیە، دووانیان زۆر باون: جۆری یەك و دوو. جۆری یەك ئەوەیە كە هیچ ئینسولین نییە لە لەشی مرۆڤەكەدا، زۆربەی كات منداڵ و گەنجن و جاران كە دەرمانی ئینسولین نەبوو ئەم نەخۆشانە نەدەگەیشتنە ٢٠ ساڵی و دەمردن! جۆری دوو: ڕژانی ئینسولین سستە، عادەتەن بە تەمەنن، قەڵەون و بە حەب چارەسەر دەبن.

چۆن دەدۆزرێتەوە؟

بە پێوانی ڕێژەی شەكر لە خوێندا دەزانرێت ئەو كەسە شەكرەی هەیە یان نا.

زانیارییە هەڵەكان:

١- وا باوە كە مادەم تۆ شەكرەت هەیە ئەوا تاڵی و ترشی بخۆیت باشترە، ئەمە هەر زۆر هەڵەیە: تاڵی هیچ ڕۆڵی نییە و زۆر لە ترشییەكانیش وەكو لیمۆ پڕن لە شەكر.

٢- دەوترێت كە شەكرەت بوو ئیتر نابێت میوە و خورما و هەنجیر و شووتی بخۆێت، بۆیە دەبینیت نەخۆشەكە ١٠ ساڵە شووتی ناخوات كە زۆریشی حەز لێیە بەڵام سێ ژەم شەكری ناو چا دەخواتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هەڵەیەوە كە جیاوازی شەكرەكان ناكرێت. تەنها شەكری سپی مەترسیدارە بۆ شەكرە، بەڵام شەكرەی میوەكان بە سوودن بە گشتی.

٣- نەخۆش وا لێ دەكەن كە تەركی گۆشت خواردن بكات، بەڵام گۆشتی حەیوان هیچ مەترسی نییە لە شەكرەدا مەگەر زۆر خۆری تییادا بكرێت. بەڵكو هەندێك جار پێویستە بخورێت بۆ ئەوەی نەخۆشەكە لاواز نەبێت. دەبینیت نەخۆشەكە ساڵێكە شیشێك گۆشتی نەخواردووە بەڵام ڕۆژانە برنج و نان دەخوات كە خەستترین سەرچاوەی شەكرن.

٤- زۆرباوە كە نەخۆشی شەكرە خۆی دەدزێتەوە لە زانینی ڕاستی نەخۆشییەكە، هەوڵ دەدات دووربكەوێتەوە لە پشكنینی مانگانە و چارەسەرەكان. قەناعەتی هەڵە بۆ خۆی درووست دەكات كە ئەو شەكرەی نی یە یان هەوڵ دەدات بە شتی "سرووشتی" چارەسەری خۆی بكات نەك دەرمان. لە بابەتێكی تردا باسی ئەوەم كرد كە نا ڕاستی یە بلێیت سرووشتی، چوونكە دەرمانەكانیش هەر سەرچاوەیان سرووشتە. زۆر لەو شتانەی پێیان دەوترێت سرووشتی دوورت دەخەنەوە لە چارەسەرە ڕاستەقینەكە.

٥- دەوترێت گەر نانی بازاڕ زۆر ببرژێنیت باشە بۆ شەكرە، ئەمە زۆر هەڵەیە: جارێ نان هەر نانە، وە ئەو نانە برژاوە هەندێك جار دەبێتە برینداربوونی دەمی نۆخۆشەكە كە چاك بوونەوەی زۆری دەوێت.

٦- زۆر باوە كە شەكرە لە خوورپەوە درووست دەبێت: شەكرە میكانیزمێكی لەشە تێك دەچێت،ڕاستە بە هۆی خەفەت و ماندوویەتی بەرز دەبێتەوە بەڵێ‌م هەرگیز خەفەت درووستی ناكات!

٧- دەرزی ئینسولین یەكێكە لە باشترین چارەسەرەكانی شەكرە، بەڵام وا باوە كە گەر بەكاری بهێنیت ئیتر گیرۆدەی دەبیت...ئەمەش هەڵەیە چوونكە هەرگیز گیرۆدەی نابیت. زۆرینەی نەخۆشەكانی جۆری دوو لە پاش ١٥ ساڵ چی تر حەبەكان چارەسەریان ناكات،چوونكە سستییە كە دەبێتە نەمانی تەواوی هۆرمۆنەكە...بۆیە هەر دواجار ئینسۆلینمان دەوێت.

وە زۆری تر....

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە