کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا نمایشی قاچێکی ده‌ستكردی هه‌ستیار كرا

.

01:49 PM - 11/06/2015

پرۆفیسۆر دكتۆر هوبێرت ئیگەر پسپۆری بواری ئەندامی دەستكرد لە زانكۆی لیز، لەگەڵ تیمەكەیدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست و تیایدا بەرهەمەكەی "قاچی دەستكردنی هەستیار"ی بەرای گشتی ناساند، كە لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی زۆر پەرەی پێدراوە.

ئیگەر، باسی لەوە كرد كە سەرلەنوێ ئەو دەمارانەیان دروست كردۆتەوە كە لە سمتی نەخۆشەكەوە راست بەرەو قاچی درێژبوونەتەوە و لە نزیك ناوچەیەكی ژێر پێستیدا جێگیركراون، هەروەها بە شەش هەستەوەر بە ژێر قاچە دەستكردەكەوە بەستراونەتەوە.

هاوكات ئیگەر ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو جووڵانەی قاچەكە دروستی دەكات سەرەتا دەگات بە كۆنترۆڵەكە، پاشان لەڕێگەی دەمارەكانەوە دەگات بە مێشك.

گوتیشی: "كاتێك هەنگاو دەنێت هەستەوەرەكانی ژێر پێی ئاگاداری دەنێرن بۆ مێشك. لەبەرئەوە ئەوانەی ئەم قاچە دەكڕن دەڵێن قاچی میشكە. ئەو كەسانەی ئەم قاچە دەستكردە لەپێدەكەن، كاتێ بەرێگادا دەڕۆن خێرا هەست بە پێدادانیان دەكەن. هەموو شتێك لەبەرچاوە، وەك دەبینن پێكهاتەكەی زۆر سادەیە".

هاووڵاتییەك بەناوی وێڵفگانگ رانگەر، كە لە ساڵی 2007دا بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆوە قاچی راستی لەدەستدابوو، نزیكەی شەش مانگ ئەم قاچە دەستكردە هەستیارەی لەماڵەوە تاقی كردۆتەوە.

رانگەری تەمەن 54 ساڵان دەڵێت "وا هەست دەكەن تازە لە دایك بووم. وا هەست دەكەم قاچم ماوە. ئیدی لەسەر سەهۆل ناخزێم و ناكەوم و بەئاسانی بەسەر چەو، چیمەنتۆ، چیمەن و لمدا دەڕۆم. بەو قاچە نوێیەمەوە تەنانەت هەست بە بەردی چەویش دەكەم كە پێیان پێدا دەنێم".

نرخی ئەو قاچە دەستكردە هەستیارە كە بە تەكنەلۆجیایەكی پێشكەوتوو دروست كراوە لە نێوان 10 هەزار بۆ 30 هەزار یۆرۆدایە.

ئەو تیمەی كاریان لەسەر دروست كردنی ئەو قاچە دەستكردە هەستیارەدا كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن كە بەردەوام دەبن لەسەر كارەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی سەرلەنوێی ژیان بۆ ئەوانەی قاچەكانیان لەدەستداوە. بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیایەك دادەمەزرێنن تا بەرهەمەكانیان بەنرخێكی كەمتر بخەنە بازاڕەكانەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە