.
06:18 PM - 22/01/2026
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای دەکات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست نەبوون و بەردەوامن لە هێرشی سەربازیی. هەروەها چەکدارانی سەر بە دیمەشق پەنایان بۆ بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بردووە و هێڵەکانی ئاو و کارەبایان لەسەر دانیشتووانی شاری کۆبانی بڕیوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرش و پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی کۆبانی، حەسەکە و دەوروبەری زیندانی ئەقتانیان لە شاری ڕەققە کردووەتە ئامانج، جگە لە گرژییە سەربازییەکان، چەکدارانی سەر بە دیمەشق پەنایان بۆ بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بردووە و هێڵەکانی ئاو و کارەبایان لەسەر دانیشتووانی شاری کۆبانی بڕیوە، ئەمەش وەک فشارێکی مرۆیی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچەیە ئەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی هەسەدە، تەنیا لە ماوەی 24 سه عاتدا ڕابردوودا، 22 جار پێشێلکاریی دژی ناوچە جیاوازەکان تۆمار کراوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە، لایەنی بەرانبەر بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپ و ڕێککەوتنێک، بەردەوامە لە تێکدانی ئاسایشی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان کرابوو، بەڵام بەردەوامیی ئەم هێرشانە و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی خزمەتگوزاری، مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە