.
05:15 PM - 22/01/2026
خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا رایدەگەیەنێت، گرووپە چەكدارەكانی سەربە دیمەشق لە هێرشی دڕندانە بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە كۆبانێ و جزیرە بەردەوامن .
خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی ناوچەكە بڵاوكردەوە و تێییدا، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ئاگربەستی راگەیەندراو لەگەڵ دیمەشق دووپاتكردووەتەوە. بەڵام رایگەیاندووە، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی دیمەشق، بە ئەنقەست و سیستماتیك، لە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست بەردەوامن، ئەوەش لە رێگەی هێرشی دڕندانە بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و ناوچەكانیان، بەتایبەتی لە شاری كۆبانێ و ناوچەی جزیرە.
خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا رایگەیاندووە، ئەوەی ئەمڕۆ رووبەڕووی كۆبانی دەبێتەوە، تەنها هێرشێكی سەربازی نییە، بەڵكو تاوانێكی جەنگی تەواوەتییە. كۆبانێ كە نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی و سەرەتای نەهێشتنی گرووپی تیرۆریستی داعشی دەكرد، كە مەترسییەكی راستەقینەی بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی دروستكردبوو، ئەمڕۆ دەكرێتە ئامانج. هەروەها، كۆبانی كە بەرگری لە جیهان كرد، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەكان، بێ ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە.
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوەی لە كۆبانی و ناوچەی جزیرە و بە تایبەت بەرامبەر بە گەلی كورد روودەدات، شەڕێكی سیستماتیكی قڕكردنە، بە ئامانجی شكاندنی ئیرادەی گەلەكەمان و كۆتاییهێنانە بە دەستكەوتەكانیان.
خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا وێڕای ئیدانی ئەو هێرشانە، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات، دەستوەردانێكی بەپەلە و دەستبەجێ بكەن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و كۆتاییهێنان بەو تاوانە جەنگییانەی كە لە دژی خەڵكی مەدەنی ئەنجام دەدرێن.
هاوكات بۆ بەرگریكردن لە دەستكەوتەكان و بەرخۆدان بانگەوازێك ئاراستەی گەلی كورد و دۆستانی دەكات و دەڵێت، ئەمڕۆ رۆژی یەكگرتنی نەتەوەییە، رۆژێكە كە كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا بە یەكرێزیی لە بەرامبەر جینۆسایددا وەستاوە، مێژوو ئەم خۆڕاگرییە تۆمار دەكاتو گەلی كوردیش بە خۆڕاگری دەمێنێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە