.
09:29 AM - 22/01/2026
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکەی ڕاسپارد کە ئەمڕۆ لە کاتی ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، هێرش و پەلامارەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خوێندکاران ڕوونبکرێتەوە. ئەم بڕیارە وەک هەڵوێستێکی رەسمی پەروەردە دێت لە دژی ئەو دۆخە ئەمنییەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروستبووە.
لە ڕاگەیەندراوێکی رەسمیدا، پەروەردەی سلێمانی سەرکۆنەی هەموو ئەو "دەستدرێژی و ستەمکارییانە"ی کرد کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە سەر کوردانی ڕۆژئاوا. داواشی لە قوتابخانەکان کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2026، کاتێکی تایبەت لە ناو ڕێوڕەسمی بەیانیان تەرخان بکەن بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارانە.
بەپێی ڕاسپاردەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندندا خوێندکاران ئاشنا بکرێن بەو خەبات و قوربانیدانە گەورەیەی گەلی کورد لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکاندا داویەتی. ئامانج لەم هەنگاوە دروستکردنی هۆشیارییە لای نەوەی نوێ سەبارەت بە دۆزی کورد و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی نەتەوەکە دەبنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە