کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەكێتیی زانایانی كوردستان : هێرشەكانی سوریا دژ بە ئایین و ئینسانیەتە

.

01:52 PM - 21/01/2026

یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، پەیامەكەی وەزارەتی ئەوقافی سوریا بە پەڵەیەكی رەش ناودەبات و داوا لە وتاربێژان دەكات لەوتاری رۆژی هەینی، ئیدانەی هێرشەكان بكەن كە دژ بە ئایین و ئینسانیەتە .


یەكێتیی زانایانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە نیگەرانییەكی قوڵەوە ئاگاداری بارودۆخی كوردانی رۆژئاوان، وێڕای ئەو هەموو ستەم و هێڕش و داگیركاری و شاربەدەرو تاوانانەی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كورد ئەنجامدەدرێت،

وەزارەتی ئەوقافی سوریا گشتاندنێكی بڵاوكردۆتەوەو داوای دوعا خوێندن لە سەرجەم پێشنوێژو وتارخوێنانی وڵاتەكەی دەكات بۆ سەركەوتنی سوپای سوریا بەسەر هاوڵاتیانی كوردا.

ئەوقافی سوریا داوای تەكبیر لێدان لە هەمو مزگەوتان دەكات وەك دەربڕێنی خۆشی بۆ سەركەوتن و فەتحی كوردستانی رۆژئاوا. ئەو بڕیارە وێڕای ئەوەی پەڵەیەكی رەشە بۆ دامەزراوەی ئایینی سوریا، ئاماژەیەكی نامۆیە بۆ وڵاتێك بانگەشەی موسڵمانێتی بكات، چونكە ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرێك پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.


یەكێتی زانایان لە راگەیەندراوەكەدا، ئەو هەڵوێستەی بە شۆڤێنی و نا شەرعی وەسفكردووە و داوای لە سەرجەم ناوەندو كەسایەتی ئایینی ناو سوریا و جیهانی ئیسلامیش كرد، لەئاست ئەو كردە تاوانكاری و ناڕەوایە هەڵوێستیان هەبێت و ویژدانیانیان بجوڵێت.

هاوكات داواشی لە سەرجەم وتاربێژانی كوردستان كرد، لەوتاری  هەینی داهاتوو، وێڕای ئیدانەكردنی  هێرشەكان، ئەو كردە دژ بە ئایین و مرۆڤایەتی بۆ خەڵك روون بكەنەوەو لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی تەئكید لە پەیامی ئاشتی و دیالۆگ و یەكهەڵوێستی گەلی كورد بكەنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە