.
01:06 PM - 21/01/2026
بەپێی دوایین ئامارەكانی بۆرسەی جیهانی، نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتووەتە چوار هەزار و 868 دۆلار، بەمەش نرخی زێڕ ریكۆردێكی نوێی تۆمار كرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی.
هاوتەریب لەگەڵ بۆرسەی جیهانی، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیش نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی دوایین مامەڵەكان، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 یەك ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە. ئەم بەرزبوونەوەیە دوای ئەوە دێت هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ كڕینی دوورگەی گرینلاند، ترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی بازرگانی و تێكچوونی هاوپەیمانیی ناتۆی لای وەبەرهێنەران دروستكردووە.
كایڵ رۆدا شرۆڤەكاری باڵای بازاڕ لە دامەزراوەی كاپیتاڵ رایگەیاند، ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی زێڕ رەنگدانەوەی نەمانی متمانەیە بە ئەمریكا، هۆكارەكەی هەنگاوەكانی ترەمپە بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی ئەورووپی و فشارەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گرینلاند.
ئەم دۆخە ترسێكی زۆری لەبارەی گرژییە جیۆسیاسییەكان دروستكردووە و وایكردووە، وەبەرهێنەران روو لە كڕینی زێڕ بكەن وەك پەناگەیەكی ئارام و دەستبەرداری دۆلار بن.
ئەمەش وایكردووە نرخی دۆلار بەرامبەر یۆرۆ و فرانكی سویسری بۆ نزمترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو دابەزن.
بڕیاریشە رۆژی 28ـی ئەم مانگە، بانكی ناوەندیی ئەمریكا بڕیاری نوێی خۆی لەبارەی رێژەی سوود رابگەیەنێت. پێشبینی زۆرینەی ئابووریناسانیش ئەوەیە بانكەكە رێژەی سوود وەك خۆی دەهێڵێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە