کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی: ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن

.

09:33 PM - 20/01/2026

 


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن.


قوباد تاڵەبانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی نووسیوویەتی: ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە، تەنها ئەوەندە بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد. کورد ما و بەعس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت.


ئاماژەی بەوەشکرد، بیری هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی جیهانی دەخەینەوە کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست.


دەشڵێت، ئێمە شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە، بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە