.
02:25 PM - 06/12/2025
سەرۆك بافڵ: پشتیوانیكردنی ی.ن.ك لە پڕۆسەی ئاشتیی ئەركێكی نیشتمانییە
لەمیانی بەرێوەچوونی كۆنفرانسی ئاشتی لە ئیستانبوڵ، پەیامی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خوێندرایەوەو تیایدا تەئكیدی كردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەكات و بە ئەركێكی نیشتمانیی دەزانێت.
دارا خەیلانی نوێنەری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیامی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتیو كۆمەڵگەی دیموكراتیك لە ئیستانبوڵ خوێندەوەو رایگەیاند، پشتیوانییكردنی یەكێتی لە پڕۆسەی ئاشتیی هەڵوێستێكی سیاسیی نییە، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانییە بەرامبەر گەلی كورد. لە پەیامەكەی سەرۆك بافڵدا هاتووە، ئێمە ئەزموونمان كردووە و دەزانین شەڕ و پێكدادان براوەی نییە. كاتێك كە ئەمڕۆ كۆدەبینەوە بۆ تاوتوێكردنی گرنگیی و بایەخی ئاشتییو سەقامگیریی، كە دەبنە بناغەی ژیانێكی شەرەفمەندانە و خۆشگوزەران، ناوچەكەمان لە دووڕیانێكدایە كە دینامیكە جیۆسیاسییەكان لە ناوچەكەو جیهان خەریكە پێدەنێنە قۆناغێكی نوێوە. سەرۆك بافڵ لە پەیامەكەیدا راشیگەیاندووە، ئەو بڕیارانەی دەیاندەین، ئێستامان دیارییدەكات و شێوە دەداتە دەرفەتەكان و ئازادییەكانی نەوەكانی داهاتوو، نەك تەنیا بۆ كورد بەڵكو بۆ سەرجەم پێكهاتەو ئاینەكان. لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1975، باوەڕی پتەو و نەگۆڕی بەوە هەبووە كە توندوتیژیی دابەشبوونەكان قووڵدەكاتەوە و چارەسەر تەنیا لەڕێگەی دیالۆگی سیاسییەوە بەدەستدێت. ڕاشیگەیاندووە،"ئەم بنەمایە پێناسەی رێبەرایەتی سەرۆك مام جەلال دەكات، ئەو كە ئازایەتی و ڕوونی لە ئامانج و پابەندیی بە ئاشتی، ساتی ناڕوون و نادیاری بۆ دەرفەتی ئاشتەوایی گۆڕی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە