.
12:01 PM - 06/12/2025
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەینێوە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی شەپۆلێكی باران بارین و پێشبینی دەكرێت لەتەواوی ناوچەكانی هەرێم بەرێژەی جیاواز باران ببارێت.
كەشناسی سلێمانی باس لەوەشدەكات، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا كاریگەریی سێ نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و دەریای سوور و نزمە پاڵەپەستۆی توركیا، بە دوو قۆناغ دەست پێدەكات. پێشبینیش دەكرێت لەتەواوی ناوچەكانی هەرێم بڕی باران بارین لە نێوان 10 تاوەكو 70 ملم بێت، بەجۆرێك لە سەنتەری سلێمانی زۆرترین بڕی باران بارین دەگاتە 45 ملم و لە هەولێر 35 ملم و دهۆك 35 ملم و هەڵەبجەش 30 ملم دەبێت.
هاوكات ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند، سبەی بارانبارین بە رێژەی مامناوەند و پچڕپچڕ دەستپێدەكات، لە سبەی ئێوارەشەوە بۆ كاتەكانی شەو، بارانبارین فراوان دەبێت و لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم بارانی مامناوەند دەستپێدەكات لەگەڵ چالاكبوونی هەورەبروسكە لە هەندێك كاتدا، رێژەی بارانەكە لە ناوچەكانی سنووری ئیدارەی راپەڕین و سۆران و ناوچەكانی ئاكرێ، ئامێدی، بەردەڕەش، كۆیە و مێرگەسور زیاتر دەبێت، هەندێكجار لێزمەباران دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاویش لەو ناوچانەدا دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە