.
10:55 AM - 03/12/2025
هەشت وڵاتی ئەندامی سەرەكی لە ڕێكخراوی ئۆپێك پڵەس بڕیاریاندا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەكو چارەكی یەكەمی ساڵی 2026 وەك خۆی بمێنێتەوە، پشكی عیراقیش بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا دیاریكراوە.
هەشت ئەندامی سەرەكی ئۆپێك پڵەس كە پێكهاتوون لە سعودیە، روسیا، عیراق، ئیمارات، كوەیت، كازاخستان، جەزائیر و عومان، لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاریاندا، بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو تاوەكو چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوو دەستكاری نەكرێت و وەك خۆی بمێنێتەوە.
بەگوێرەی داتا نوێیەكان، بەرهەمی ڕۆژانەی عیراق چوار ملیۆن و 273 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت، ئەم ژمارەیەش ئەو بڕە نەوتەی تێدایە كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەكات.
هەرێمی كوردستان لە 27ـی ئەیلوولی 2025وە دەستی بە هەناردەكردن كردووەتەوە و ڕۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە