.
07:15 PM - 02/12/2025
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عیراق.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی بڵاویکردەوە: لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باس لە رووداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا رووداوەکەیان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێمی کوردستان و عیراق وەسف کرد، ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە کە لەگەڵ ئەوەدانین گازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابووری کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عیراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە عیراق و کوردستان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری هەنگاودەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عیراق زیاتر بووە.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ژاپۆن و عیراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی پێویست زانی و جەختیشی کردەوە کە ژاپۆن دەتوانێت رۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر ببینێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و عیراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتربێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە