کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وەزیری خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی خوێندكاران دەركرد

.

12:01 PM - 03/11/2025

 

بەبڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، سەرجەم دەرچووانی ئامادەیی و پیشەییەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەردەگیرێن‌و بەڕێژەی لەسەدا 50ش داشكاندن بۆ ئەو خێزانانە دەكرێت كە دوو خوێندكار یا زیاتریان بە پارالێڵ دەخوێنن، هەروەها بەبێ‌ مەرج خوێندكارانی كەركوك لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەردەگیرێن.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی هەرێم بەگەلی كوردستانی ڕاگەیاند، بەبڕیاری د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەم دەرچووانی ئامادەیی‌و پیشەیی كە ژمارەیان 892 خوێندكاربوو و بەهۆی كەمی هەڵبژاردنی بەشەكان وەرنەگیرابوون، فەرمانی وەرگرتنیان بۆ دەرچووە‌و بەپێی نمرەكانیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیران.

هەروەها بەبڕیاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەو خێزانانەی دوو خوێندكار یان زیاتریان بەشێوەی پارالێڵ دەخوێن، بەرێژەی لەسەدا 50 داشكاندن بۆ كرێی خوێندنی هەر خوێندكارێكیان دەكرێت، ئەم داشكاندنەش لە بڕی پارەی داواكراو لەدوای داشكاندنی 45٪ـی كرێی خوێندن هەژمار دەكرێت، واتە دووجار داشكاندنیان بۆ دەكرێت.

هاوكات دكتۆر ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم لە میانی سەردانیكردنی بۆ شاری كەركوك رایگەیاند، بەردەوام هەوڵیان داوە خوێندكارانی كەركوك بەبێ مەرج لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم وەربگیرێن، بۆیە ئەمساڵ وەرگیرانی خوێندكارانی كەركوك لە رێگەی سیستمی زانكۆلاینەوە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بێ سنوورە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە