کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

مەكتەبی سیاسی یەكێتی: كەناڵەكانی ی.ن.ك لە گشت قۆناغەكاندا نموونەی راست بێژی بوون

.

12:19 PM - 01/11/2025

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی یۆبێڵی زێڕینی راگەیاندنی یەكێتییدا پەیامێكی بڵاوكردەوە ‌و پیرۆزباییەكی گەرمی لە رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كەناڵەكانی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری كردووە ‌و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ خواستوون.

 مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامەكەدا ڕایگەیاندووە، كاروانی میدیایی یەكێتیی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بۆ شوناسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك رێكخراوێكی سیاسی ‌و گەیاندنی دەنگ ‌و ئامانجەكەی، لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆی ساڵی 1975دا مانگنامەی (الشرارە) و دواتر رێبازی نوێی دەرچوواند، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ كەناڵەكانی لە گشت قۆناغەكاندا نموونەی راستبێژی و میدیای دەربەست بوون و متمانەیەكی پتەویان لای خوێنەر و گوێگر ‌و بینەری كوردستان بونیادناوە.

 لەدوای راپەڕینیش، میدیای یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێیەكاندا هەنگاوی ناوە ‌و دەستپێشخەر بووە لە دەرچواندنی یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی بەردەوام و دامەزراندنی یەكەمین كەناڵی تەلەفزیۆنی كە گوزارشتی راستەقینە لە خواستی بینەری كورد بكات، بەمانەش میدیای یەكێتی پێشەنگیی لە بوارەكەدا تۆماركردووە. مەكتەبی سیاسی ئەوەشی خستۆتەڕوو،پێش دامەزراندنی بەشەكانی رۆژنامەنووسی و راگەیاندن لە پەیمانگا و زانكۆكانی كوردستاندا، كەناڵەكانی میدیای یەكێتی چەندین رۆژنامەنووس و میدیاكاریان پێگەیاندووە، كە ئێستا لە دەزگا و دامەزراوە بەناوبانگەكانی كوردستان و عیراقدا كاردەكەن. ئەمڕۆش ئەم یادە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق، لەم ئەركەشدا  كەناڵەكانی بۆردی  راگەیاندنی یەكێتیی بەوپەڕی هەستكردن بە لێپرسراوێتی و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی ئیتیكی رۆژنامەوانییەوە، كار لەسەر گەیاندنی پەیام و بەرنامەی لیستی ٢٢٢ ـی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن و خۆیان  لە هەر ئاراستەیەكی چەواشەكارانە بە دوورگرتووە، كە ئەمەش نیشانەیەكی تری ئومێد بەخشینە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە