.
11:49 AM - 05/10/2025
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری لە كاردانەوەی ئابووری وێرانكەر دەدات، كە دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەر 50 ویلایەتەكەی ئەمریكا هەبێت لە ئەنجامی داخستنی بەردەوامی حكومەتی. بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی، دیموكراتەكان ئەم قەیرانە دروستدەكەن بۆ تێپەڕاندنی بودجە بۆ چاودێری تەندروستی بێبەرامبەر بۆ كۆچبەرانی نایاسایی. لەبەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە،ئەنجومەنی راوێژكارانی ئابووری هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر داخستنی كارەكان بەردەوام بێت، ئابووری ئەمریكا هەفتانە 15 ملیار دۆلار لەبەرهەمی ناوخۆییدا زیانی پێدەگات. ئەوەشخراوەتە روو بەپێی شیكارییە ئابوورییە نوێیەكان پێشبینیدەكرێت سەرجەم ویلایەتەكانی ئەمریكا رووبەڕووی لەدەستدانی هەلی كارو دابەزینی خەرجییەكانی بەكاربەرو پەكخستنی ئەو بەرنامە گرنگانە ببنەوە كە ملیۆنان هاووڵاتی پشتیان پێدەبەستن.كۆشكی سپی ئەوەشی ئاشكراكردووە،بەردەوامبوونی داخستنی حكومەت بۆ ماوەی مانگێك دەتوانێت ژمارەی بێكاری بۆ 43 هەزار كەس زیاد بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری هەیە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و منداڵان هەبێت،كە لەڕیزی لاوازترین گروپەكانن، كە رەنگە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی بەرنامەی حكومەت لەدەست بدەن.كۆشكی سپی روونیشیكردووەتەوە،لەدەستدانی مووچە بەهۆی پشوودانی فەرمانبەرانەوە، لەگەڵ كەمبوونەوەی گرێبەستە فیدراڵیەكان، دەبێتەهۆی دابەزینی بەرچاوی خەرجییەكانی بەكاربەران، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ئابووری لەماوەیەكی نزیكدا دروستدەكات.
دوای ئەوەی سیناتۆرە دیموكراتەكانی ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، ئامادەنەبون پرۆژەیاسای بودجەی ئیدارەی ترەمپ پەسەند بكەن كارەكانی بەشێكی زۆر لەئیدارەی ئەمریكا لە یەكی تشرینی یەكەمی 2025 ەوە راگیران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە