کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سودانی كردنەوە و بەگەڕخستنی دەیان وێستگەی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبای راگەیاند

.

05:26 PM - 30/05/2024

سەرۆك وەزیرانی عیراق كردنەوە و بەگەڕخستنی 48 وێستگەی گواستنەوەی كارەبا و 152 وێستگەی دابەشكردنی كارەبا لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق راگەیاند.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند 48 وێستگەی گواستنەوەی كارەبا و 152 وێستگەی دابەشكردنی كارەبا لە سەرجەم پارێزگاكاندا، خراونەتە كار.

ئاماژەی بەوەشداوە كە كردنەوە و وەگەڕخستنی وێستگەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا، لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی پاكێجی ئەو پڕۆژانە دێت كە بۆ چارەسەركردنی جەنجاڵی تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا لە سەرجەم پارێزگاكان، جێبەجێ دەكرێن.

عیراق ساڵانێكی زۆرە بۆ دابینكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا هەناردەكردنی غاز بۆ عیراق كەم دەكاتەوە یان رادەگرێت.

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دژبە نەبوونی كارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش كە پلەكانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەك ناوچەی عیراق دەگاتە 45 پلەی سەدی و هەندێك جارە دەگاتە 48 پلەی سەدی.

هەروەها ساڵی رابردوو حكومەتی عێراق ژمارەیەك یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سعوودیە بە ئامانجی چارەسەركردنی قەیرانی كارەبا ئیمزا كرد كە بەپێی یاداشتنامەكان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی كارەبا دەبەسترێنەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە