کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ناوی سێ یەکەمەکان بەمەبەستی دامەزراندنیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

.

08:09 PM - 27/05/2024

بەمەبەستی دامەزراندن، سبەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، د. ئارام محمد قادر ، وەزیریخوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەت ئەنجامدا بۆ هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر بەشەكان لە دەرچوانی ساڵانی خوێندنی (2017 - 2018) تاکو (2022 - 2023)، کە وابڕیارە سبەی لیستی کۆتایی ناوەکانیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی (‏27‏/05‏/2024) بە سەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی  لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتی" دامەزراندنی سێ یەکەمەکان بە ئەرکی لە پێشینەی خۆمان دەزانین و لە ماوەی ڕابردودا هەموو هەوڵێکمان لەو بوارەدا خستۆتەگەر، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی و ئاسایی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەموان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاری یەکتر بین، بۆ ئەوەی مافی هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێ، بۆیە دەبێ لە تۆمارکردنی ناوی چواریان و بەشەکانیان و تەواوی زانیارییەکان ورد بین و نابێت هیچ چۆرە کەمتەرخەمییەک لەم روەوە هەستی پێ بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەت کرد لە ماوەی ڕابردو بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، بەتایبەت وانەبێژان و سێ یەکەمەکان و دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای دانیشتوانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

جێگەی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستان، ساڵانی ڕابردو بەهەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی توانرا سێ یەکەمەکانی ساڵانی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە