کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی رۆمانیا کۆبووەوە

.

06:38 PM - 27/05/2024

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و پێترێ کۆنستانتین، کونسوڵی گشتیی رۆمانیا لە هەرێم ئامادەی بوون. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان رۆمانیا و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لە بواری بازرگانی و خوێندنی باڵادا.

لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هاندانی وەبەرهێنەرانی رۆمانی بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان، بە تایبەتیش لە بواری پیشەسازی خۆراکدا. جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە تا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابوری هەرێمدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی هەردوولادا کرا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا ژمارەیەک خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی رۆمانیادا دەخوێنن، داوایکرد حکومەتی رۆمانیا کارئاسانی زیاتر بکات بۆ ئەو خوێندکارانە و کاربکرێت لە داهاتوودا ژمارەیەکی ----زیاتری خوێندکاری هەرێم لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە وەربگیرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆک وەزیران دواپێشهاتەکانی بۆ باڵیۆزی رۆمانیا ڕوونکردەوە و رایگەیاند ئێستا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدایە و لە هەردوولاوە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

 

 

 

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە