کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی دەعوەی تەنزیمی عیراق کۆبوونەوە و پێکەوە باسی دواپێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیان کرد

.

06:13 PM - 20/05/2024

 قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە یاوەری هەر یەکە لە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەعدی ئەحمەد پیرە، رێواس فایق و سالار سەرحەد پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حیزبی دەعوەی تەنزیمی عێراق بە سەرۆکایەتی دکتۆر خالد ئەسەدی جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕێوەچوو، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە جۆرێک کە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت و لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان یەکێتی و ماڵی شیعەی وەبیرهێنایەوە، کە ئەو پەیوەندییە هەر لە سەرەتاوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بووە و بەردەوامیی و قوڵکردنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییەشی بە پێویست زانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ئێستا و لە داهاتوودا رووبەڕووی عێراق و کوردستان دەبنەوە.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەوەشی راگەیاند کە: هەرچەندە لە دوای نەخۆش کەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالەوە بۆشاییەک لە بەغدا دروست ببوو، بەڵام لەم قۆناغەدا یەکێتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی خۆی رێک خستووەتەوە و لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان پەیوەندی زۆر باشمان هەیە و پێگەی وەک جاران بەهێز بۆتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر خالد ئەسەدی بە ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و شیعە، رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە دروستکردن و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییەدا بەرز نرخاند و سەرۆک مام جەلالی وەک کەسایەتی و رێبەرێکی نیشتمانی وەسف کرد کە بێ جیاوازی پارێزەری بەرژەوەندی هەمووان بووە.

جێگری ئەمینداری گشتیی حیزبی دەعوەی تەنزیمی عێراق، رۆئیای خۆی و حیزبەکەی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا روون کردەوە و  جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ داڕشتنی سیاسەت و رۆئیایەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا و داهاتووی عێراق.

WhatsApp Image 2024-05-20 at 6.06.05 PM(2).jpeg

WhatsApp Image 2024-05-20 at 6.06.05 PM(1).jpeg

WhatsApp Image 2024-05-20 at 6.06.05 PM(1).jpeg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە