کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كونسوڵی ژاپۆن: خوازیاری پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستانین

.

05:58 PM - 15/05/2024

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥/٥/٢٠٢٤ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسڵی گشتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە وێڕای بەگەرمی بەخێرهاتنی کونسڵی گشتی ژاپۆن بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  ئاماژەی بە رۆڵ گرنگی ئامادەیی کونسڵخانەی ژاپۆن کرد لە هەرێمی کوردستان ، کە سەنگ و بایەخی دیبلۆماسی زیاتری بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە

 دواتر هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی  بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی کرد ، سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدیکردەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خوازیاری سەقامگیری سیاسی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە ، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی سیاسی و حکومڕانی دایە لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانە لە کاتی خۆیدا ، ووتیشی"پێویستە هەموو لایەک سەنتەری کار و بیرکردنەوەمان پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بێت و سەقامگیری ئاسایشی هەرێم و سەروەری یاسا بپارێزرێت "
لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی ئاسایشەوە سەعدی ئەحمەد پیرە تیشکی خستەسەر مەترسی شانە نوستووەکانی تیرۆرستان و کێشەی نێوان جوتیارانی کورد و عەرەب  لە ناوچە کوردستانییەکان و هەموو ئەو کێشانەی لەناوچەکە هەن پێویستی بە چاودێری وورد و هەستیار هەیە ، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێنەکەوێتەوە کە ببێتە مایەی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە   
‎ووتیشی: لەم قۆناغەی ئێستادا عیراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە مانەوە و ئامادەیی زیاتری نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئاژانسە جیاوازەكانی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ زیاتر هاوكاریكردنی دەزگا و دامەزراوە سیاسی و حكومی و ئیداریەكان.


هەر لەو دیدارەدا سەعدی ئەحمەد پیرە ستایشی کار و بەرنامە خزمەتگوزارییەکانی کونسڵخانەی گشتی ژاپۆن و ئاژانسی جایکای کرد کە ساڵانێکی زۆرە لەهەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەت بە دەزگا و دامەزراوە و سێکتەرە جیاوازەکان دەکەن ، هیوای خواست ئەم خزمەتگوزارییانە تەنها سەنتەری شارەکان نەگرێتەوە بەڵکو هەموو ناوچە و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە بەتایبەتی گەرمیان و پێنجوێن و بەرواری باڵا و هەڵەبجە و شوێنەکانی تریش  

لە کۆتایی دیدارەکەدائاراکاوا میکیهیرۆ کونسڵی گشتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد لە ناوچەکە و ووتیشی"ژاپۆن بەگرنگییەوە دەڕوانێتە بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی خوازیاری سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و پێشکەوتنی ئابوری زیاترە لە ناوچەکە ،هەر بۆیەشە بەرێز باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق بەردەوام سەردانی شارە جیاوازەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات ، هاوکات تۆکیۆ لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە سیاسییە هەڵواسراوەکانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕێگای دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن لەسەر بنەمای دەستور و یاسا بەرکارەکان

WhatsApp Image 2024-05-15 at 5.45.10 PM(1).jpeg

WhatsApp Image 2024-05-15 at 5.45.09 PM(1).jpeg

WhatsApp Image 2024-05-15 at 5.45.10 PM.jpeg

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە