کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تاکە رێگەی چارەسەری مووچەیە

.

10:38 AM - 15/05/2024

وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی نارد و لەئەمڕۆوە ١٥-٥-٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی هەرێم دەستی بەدابەشکردنی مووچەکردووە، ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت:" توانیمان کاریگەریمان لەسەر وەزارەتی دارایی عیراق هەبێت، بۆ ناردنی مووچەی مانگی نیسان، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، دووبارە کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی ئایار دروستدەبێت".

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA  ی راگەیاند:" لەگەڵ ئەوەی بەهەوڵی ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی و تەئکید کردنەوەمان لەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عیراق مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی نارد، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەم مانگەدا رێکارەکانی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکە حکومییەکانی عیراق جێبەجێنەکات، کێشە بۆ مووچەی مانگی ئایار دروستدەبێت".

" پێویستە حکومەتی هەرێم پەلە بکات لەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەخۆرانییەوە، هاوکات بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش روونە، کە دەڵێت: پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم لەیەکێک لەبانکە حکومییەکانی عیراق تەوتینیان بۆ بکرێتەوە"، د.نەرمین وایوت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند:" پەتی درۆ کورتە و دەرکەوت بەهیچ شێوەیەک بانکی بازرگانی عیراقی TBI نەچووەتە ناو پرۆژەی هەژماری منەوە، باشترە لەبری ئەم چەواشەکارییانە، حکومەتی هەرێم پەلە بکات لەجێبەجێکردنی رێکارەکانی تەوتینی مووچەخۆران".

حکومەتی هەرێم لەڕێگەی وتەبێژ و وەزارەتی داراییەوە رایگەیاندووە، کە بانکی بازرگانی عیراق TBI وەک حەوتەمین بانک بەشداری پرۆژەی (هەژماری من) ی کردووە، لەبارامبەردا بانکی TBI بەشداریکردنی لەپرۆژەکە رەتدەکاتەوە و لەڕاگەیەنراوێکیدا ئاماژە بەوەدەکات:" بەهیچ جۆرێک بەشداری پرۆژەی (هەژماری من) مان نەکردووە و ناشیکەین".

د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرۆک و بەڕێوەبەری بانکی تی بی ئای-ەوە وەرمگرتوون، بە هیچ شێوەیەک بانکی تی بی ئای نەچووەتە ناو پڕۆژەی هەژماری من-ەوە و ناشچێت، هەر دەنگۆیەکیش لەو بارەیەوە هەبێت راست نییە، ئەمەش لەکاتێکدایە بانکی تی بی ئای دەستی نەکردووە بە تەوتین، هیچ رێککەوتنێکی رەسمیش لەنێوان حکومەتی هەرێم و بانکی تی بی ئای دا نییە، تائێستاش داتای مووچەخۆرانی هەرێم نەگەشتووەتە بانکی تی بی ئای".

"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێمەوە روونە و پێویستە حکومەتی هەرێم داتا و زانیاری مووچەخۆرانی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق و بانکی تی بی ئای بنێرێت، بۆئەوەی لەرێگای ئەو بانکەوە تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت نەک هیچ پڕۆژە و بانکێکی ئەهلی کە لە هەرێم هەبێت"، ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وای وت. 

بانکی بازرگانی عیراقی (TBI) لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست PUKMEDIA کەوتووە، ئاماژە بەوەدەکات: "پابەندین بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە لەبارەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی سەر بە حکومەتی عیراق، لەم روانگەیەوە بەشداریکردنی بانکی تی بی ئای لە تەوتینی مووچەی مووچەخۆران لەچوارچێوەی بانکە حکومییەکانی عیراق دا دێت و تائێستاش حکومەتی هەرێم هیچ داتا و زانیارییەکی مووچەخۆرانی بۆ بانکەکەمان نەناردووە تاوەکو دەست بکەین بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە