کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ یادی تاوانی ئەنفال

.

04:41 PM - 13/04/2024

مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی یادی 36 ساڵەی تاوانی ئەنفال پەیامێكی بڵاوكردەوە.

 

٣٦  ساڵ لەمەوبەر گەلەکەمان لەسەر دەستی رژێمی  ستەمکاری بەعس لەژێر تایتڵی ناڕەوای  (ئەنفال) دا بە هەشت قۆناغ  رووبەڕوی دڕندانەترین تاوان بۆوە کە سەرەڕای کۆمەڵکوژی وبێ سەروشوێنکردنی ١٨٢٠٠٠ منداڵ وگەنج و پیری کورد، گشت سیمایەکی ئاوەدانیشی لە نزیکەی پێنج هەزار گوند و شارۆچکەی ناوچەکانی کوردستاندا سڕییەوە .

 

کارەساتی ئەنفال برینێکی وەهای لەسەر دڵمان و لە کۆهزری گەلەکەمان دروستکرد کە ئازارێکی نەبڕاوەیە و بۆ سارێژی ئەو برینە قووڵە ،بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەو کارەساتە ناخهەژێنە، پێویستە هەموو لایەکمان لە حکومەتی هەرێم  وحکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە  هەوڵەکانمان چڕتڕ بکەینەوە بۆ خزمەتکردنی هەمەلایەنە و زیاتری زیانلێکەوتوانی ئەو کارەساتە.

 

هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق کەیسی ئەنفالی وەک تاوانی جەنگ و  دژە مرۆیی ناساندوە ،  بەڵام قەبارەی تراژیدیاکە و  دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی  ئەنفال، پێویست دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیسان وەک تاوانی قڕکرنی بە کۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی کوردستانیش بە دابینکردنی تێکڕای مافە دەستورییەکانی بۆ یەکجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیا بکرێتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە بێ درێغ لە خەباتدا دەبێت

 

ـ درود بۆ رۆحی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال ، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ خۆراگریی کەسوکاری ئەنفالکراوان .

 

 

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە