کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لایەنەکانی کەرکوک چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگاکەن

.

11:44 AM - 13/04/2024

حزب و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چاوەڕوانی سێهەمین کۆبوونەوەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاکەش دەڵێت: "پێویستە وەک پارێزگاکانی دیکەی عیراق ئەنجومەنەکە کارا بێت و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش یەکلا ببێتەوە".

ئەحمەد فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاندووە: "دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە ئەمریکا، لایەنە براوەکانی کەرکوک جارێکی دیکە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆدەبنەوە".

"چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە، چونکە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، لە ئێستادا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە ئەنجومەنی پارێزگاکە کارابێت و پارێزگار دەستنیشان بکات"، ئەحمەد فاتیح وادەڵێت.

 

هاوكات پێشتر دوو جار، به‌ ئاماده‌بوونی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا بۆ تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك و دیاریكردنی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك کۆبوونەتەوە و بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە ئەمریکا جارێکی دیکە لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا کۆببنەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین دەنگی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە و بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەک لە رابردوو رامانگەیاندبوو، یەکێتی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە گفتوگۆ بکات و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکانی پارێزگاکە بەسەر لایەن و پێكهاتەکاندا دابەش بکرێت".

"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە زۆرترین دەنگی هێناوە لە پارێزگاکە، مافی خۆیەتی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت و لایەنەکانی دیکەش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، پشکی خۆیان لە پارێزگاکە وەربگرن و بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکی کەرکوک بکەین"، رەوەند مەلا مەحمود وای وت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق رۆژی 18ی 12ی 2023 لە 15 پارێزگا ئەنجامدرا و لەئێستاشدا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە کە ئەنجومەنەکە کارابکرێت و کەسێکیش بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە دەستنیشان بکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت.

 

هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە کە لەنێوان یەکێتی و شیوعی بوو، لە کەرکوک زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەست هێناوەو هێزی یەکەمی هەموو پێکهاتەکانە و خاوەنی 157 هەزار و 639 دەنگە، کە دەکاتە 43٪ دەنگەکانی ئەو پارێزگایەو 5 کورسی بەدەستهێناوە‍‍، بەڵام تائێستا کە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دا تێدەپەڕێت، نەتوانراوە ئەنجومەنی پارێزگاکە هەڵبژێردرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە