کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەتیف نێروەیی : ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكرێت هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانی سەختر دەبێتەوە

.

04:58 PM - 03/04/2024

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت" ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكرێت هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانی سەختر دەبێتەوە"
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی پانێلێکی تایبەت لەژێر ناونیشانی(پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند لەنێوان ئالانگاری و دەرفەتدا) رایگەیاند" ژیانی دەستوری لە عیراقدا یەك پاكێجە و ناكرێت بڕیارێكی دادگای دەستووریی، كە لە بەرژەوەندی هێز و لایەنێكدا بێت باش بێت، وە ئەگەر پێچەوانەی خواستی ئەویش بوو خراپ و پیلانگێڕیی بێت"

هاوکات لەبارەی ئاریشە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر  لەرواڵەتدا ئابووری سەربەخۆ بوو، بەڵام راستیەكەی دابڕانی دۆخی ژیانی هەرێم و توانا ئابوورییەكانی كورستان بوو لە بەغداد، ئێمە زۆر دەرفەتمان لە بەردەم بووە تا بەهێزەوە هەرێم بۆ بەرزكردنەوەی داهات و دابینكردنی ژیانێكی شایستە دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات، بەڵام پشتبەستن بە ئابووری سەربەخۆ لێكەوتەی خراپی لێكەوتەوە، لەسەر باروگوزەرانی خەڵك وهەرێمی كوردستانی بەرەو ئایندەیەكی ئابووری نادیار برد.

لەتیف نێروەیی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ووتی"ماوەیەكی زۆر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان كراو دەرفەتێك بوو بۆ دەستبەركردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكان و بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی قەوارەی یاسایی هەرێمی كوردستان، بەڵام ستراتیژی هەڵە و تەخوین و سەنگەربەندی ناوخۆیی و سوربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەموارنەكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و مكوڕبوونی لەسەر مانەوەی كورسی كۆتاكان وەك خۆی و پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران هۆكاربوون بۆ ئەوەی نەگەین بە رێككەوتن،بۆیە هێزەكانی دیكە ناچاربوون بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا بگەڕێن، بۆ ئەمەش یەكێتیی ڕێگای دادگای فیدرالی گرتەبەر كە رێگایەكی دەستوورییانەیە بۆ زەمانكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد،  لەبەرئەوە "ئێستا هەم دەرفەتە و هەم ئاڵنگاریی و دەبێت بەرپرسانە و دوور لە بەرژەوەندی حزبایەتی بڕیار بدەین"

لە قسەکانیدا لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی ی. ن. ک جەختی لەوەکردەوە، لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانی سەختر دەبێتەوە.

لەکاتێکدا  پەرتەوازەیی ناو ریزی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە ئاستێك بووەتە هەڕەشە لەسەر داهاتووی هەرێم و دەستكەوتە نەتەوەییەكان، لەبارەی هۆكارەكانی ئەم دیاردە نەرێنیە و مەرترسی لەسەر داهاتوو، لەتیف نێروەیی رونیكردەوە " بۆ ئەوەی ئایندەی سیاسی كورد لە بەغداد بەهێز بێت، دەبێت كورد بە یەك ئیرادە و یەك پلان و یەك بڕیار بچێتە بەغداد و لەوێش بە یەك تیم كاربكات، پێویستە دانوستان لەسەر هەموو كێشەكان بە یەك تیمیی بكرێت و هاوشێوەی قۆناغی بونیادنەوەی عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادیی، تەواوی هێزەكان بە یەكڕیزی و یەك قسە و یەك بڕیارییەوە پارێزگاریی لە هەرێمی كوردستان بكەن"

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە