کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە

.

03:52 PM - 03/04/2024

- کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە و لیستی خێر لەخۆ نەدیو شەکوای بباتە لای کێ؟

- خەڵک چۆن بە قەزاوەت و ناوبژیوانیی حوکمڕانی ئەزموندار رازی بێت کە خۆی سکاڵا و دەفتەری شەکوای هەبێت؟ 

 

ئەفسانەکانی دەوری هەڵبژاردن

-١-

 

هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، راستییە جەوهەرییەکانی دیموکراسیین، ئەم راستیانە بە کۆمەڵێک ئەفسانە دەورە دراون و حیکایەتیان لەبارەوە دەکرێت کە ئیشی هەموو مرۆڤێکی هوشیار، یان لانیکەمی هوشیاری هەبێت، ئەوەیە ئەم ئەفسانانە پوچەڵ بکاتەوە و رێی بژاردەی دیموکراسیی بکاتەوە.

 

یەکێک لەو ئەفسانانە ئیشی حزبە گەورەکانە.

 

حزبی گەورە بۆچی حزبی گەورەیە ، یان بۆچی حزبی ئەزموندار و حوکمڕانە؟

حزبی گەورە ئەوەیە  مەسئولیەتی گەورەی لەسەر شانە. دەبێ ئەزموون و قاڵبوونی خۆی لە تەنگژەکاندا دەربخات.

 

حزبی حوکمڕان چۆن بایکۆتی هەڵبژاردن دەکا و چۆن تەنگژە بۆ پرۆسەی دەنگدان دروستدەکات؟ ئەی مەسئولیەتی سەرشانی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمانەت و ئەمنیەتی فەزای گشتی لە کوێیە؟

 

ئەی خەڵک چۆن بە قەزاوەت و ناوبژیوانی حوکمڕانی ئەزموندار رازی بێت کە خۆی سکاڵا و دەفتەری شەکوای هەبێت؟ 

 

حزبی گەورە چۆن وەک حزبی تازە بابەت و تازە باو، بێ هیچ ئیعتبارێک بۆ بەرپرسیارێتی گشتی، رێگە بە بۆشایی سیاسی و دەستوری دەدا و رێگا بۆ قیل و قال و بەدحاڵی بوون و مەزەندەی هەڵە و خوانەخواستە هەڵسەنگاندنی خراپ دەخاتەسەر گازەرەی پشت؟

 

حزبی ئەزموندار و قاڵبووی رارەوەکانی حوکمڕانی و تۆڕێک پەیوەندی سیاسی، بە حیساب خاوەندارێتی لە دەیان دوکان و دامودەزگای حەریف دەکات، چۆن ئاوا دەشەمزێ  و نایکەم و نابێ دووپاتدەکاتەوە؟

 

حزبی گەورە چۆن بەم رەمەزان و کەشی تاعەت و رۆژووە جەماوەر و دەنگدەر، فەرمانبەر و شەقام  تووشی دڵەڕاوکێ و سەرگەردانی دەکا و لە کاری دونیایی وەکو هەڵبژاردن، لە ناوبژیوان و حەکەم و لایەرمەن و فیکە و رێنوێنی یارییەکە تەوەللا دەبێت؟

 

ئەی مەسئولیەت چییە ئەگەر بڕیار و سیاسەت و تەگبیری مەحکەم نەبێ؟ 

 

توخوا خەڵقینە ئەفسانەی وا لە هیچ مەملەکەتێکدا هەبووە کە حوکمڕان دەستبەردانی ئەرکی سەرشان و واجبی عەیان بێت؟

 

ئەی کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە و کاندیدی تازە زاوا چی بڵێ و لیستی خێر لەخۆ نەدیو شەکوای بباتە لای کێ؟

 

خۆ بەرپرسیارێتی هەر حکومەتایەتی و ئیمتیازەکانی (ئاغا و شێخ و دەوڵەت) نییە بە وەسفی کوردناسی هۆڵەندی ڤان مارتن برۆنسن؟

 

بەرپرسیارێتیی گەورەکان و قاڵبووەکان سەد قاتە. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە