کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا کۆبووەوە

.

01:29 PM - 02/04/2024

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا کۆبووەوە و لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و چۆنییەتی گەشەپیدانی ئابوری هەرێم و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە ( ٢ی نیسانی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە و رایگەیاند نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر دۆخی ئابوری و چۆنییەتی گەشەپێدانی ئابوری هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ستراتیژی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ کارئاسانیکردن بۆ وەبەر‌هێنەران لە کەرتی تایبەت بە تایبەتیش وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا.

هەر لەوبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە کار بۆ ئەوە دەکەن هانی وەبەرهێنەران بدرێت کە لە قەزا و ناحییەکانیش وەبەرهێنان بکەن. وتیشی: بەبێ گەشەپێدانی هاوسەنگ لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا، ناتوانرێت ژێرخانێکی ئابوری بەهێز بونیاد بنرێت و گەشەپێدانی راستەقینەش روونادات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و وڵاتی فەڕەنسای کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردوە و داواشیکرد بۆ لەمەودواش بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی ئابوریدا حکومەتی فەڕەنسا لەڕووی دابینکردنی راوێژکارەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە