کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

جارێكی تر پارتی و عینادی سیاسی

.

11:37 PM - 01/04/2024

ڕێبوار ستار

وابڕیارە لەڕۆژی 10ی مانگی شەشی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەپێی ئەو رۆژەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لەپارتی دیموكراتی كوردستان لەئامادەكاریدان بۆ بەبەربژێركردن ناوی كاندیدەكانیان بۆ پەرلەمان و دانانی بەرنامە و پلانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن .

بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش پارتی وەك هەمووجارەكانی تر ئەگەر پرسێك یان پێشهاتێك یان ئەگەرێك بێتەپێشەوە بۆ هەریمی كوردستان بەپێی هەر بارودۆخێك لەهەرێمی  كوردستان رووبدات، ئەوا دیسان هەر لەبەرژەوەندی ئەونەبوو ئەوا پارتی دەچێتەوە، لوتكەی عینادی، ئەویش تەنها بەهۆی ئەوەی ڕەنگە لەبەرژەوەندی حزبەكەی ئەو نەبێت و ئیتر بێگوێدانە ئەو مەترسیانەی بەهۆی ئەو عینادیە سیاسیەی ئەو روو دەكاتە هەرێمی كوردستان و ئەم ئەزموونە دەخاتە چارەنووسێكی نادیار وەك چۆن لەڕابردوودا، بەهۆی عینادییە سیاسییەكانی چەندین جار ئەم ئەزموونەی خستۆتە مەترسیەوە وەك ئەوەی (ڕیفراندۆم)یان ئابووری سەربەخۆ یان نەوت بەرامبەر بودجە كەبوونە هۆی دۆخێكی نەخوازراوی سەخت لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان و دواجار ئابووری سەربەخۆ و نەوتیش بوونە هۆی نەهامەتی ئابووری بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە ئێستا پێدانی مووچە و دواكەوتنی بۆتە نیگەرانیەكی  گەورە و ژیانی و گوزەرانی خەڵكی كوردستان لەخراپترین ئاستدایە.

 ئێستاش كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنداین جارێكی تر ملی ناوەتەوە بەعینادیەكی تری سیاسیەوە، كە زۆر گرنگە بۆ هەرێمەكەمان و جارێكی تردەرگای متمانەبوون دەسەلمێنینەوە بۆ جیهان، ئێمە هەرێمێكین بڕوای تەواومان بەدیموكراسی و ئازادی تاكەكانە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لەپاش ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراقی دەریكرد كە تایبەت بوو گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كەگرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان و لەبەرژەوەندی خەڵكەكەیەتی ئیتر، پارتی كەوتە بیانوو هێنانەوەی نادروست كە لەسەروو هەموویانەوە بایكۆت و بەشداری نەكردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەبەر ئەوەی لەوەتێگەیشتووە ئەمجارە ڕێژەی كورسیەكانی كەم دەبێتەوە .

ئەم هەڵبژاردنەش هاوسەنگی هێز لە كوردستان دەگێڕێتەوە و كۆتایی بەم شێوازە چەوتەی حوكمڕانیە دێنێت، پارتی ئەم دۆخەی پێ هەژمناكرێت بۆیە بەدوای هەیمەنەیەكدا دەگەڕێت تاهەڵبژاردن نەكرێت چونكە ئەو باكی بەوەش نیە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت ئەوا بۆشاییەكی گەورەی سیاسی و دەستووری لەهەرێمی كوردستان دروست دەبێت و بەهۆی ئەم عینادی سیاسیەی پارتیەوە جارێكی تر ئەم هەرێمە دەكەوێتەوە چارەنووسێكی نادیار.

ئەوەش ڕوونە كە هەموو لایەك پارتی دەناسین ئەگەر بەشداری هەڵبژاردن نەكات ئەواهەرگیز ڕێگەنادات لەناوچەكانی سنووری ئەودا لایەنەسیاسیەكان بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و خەڵك بەبێ كێشەڕۆژی هەڵبژاردن بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان هەزار و یەك كێشەیان بۆ دروست دەكات، ئەگەر چی ئاستەمە بەبێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژاردن بكرێت چونكە هەردووكیان دوو هێزی سەرەكین، پێگە و كاریگەری خۆیان هەیە چ لەهەرێمی كوردستان و چ لەعێراق و ناوچەكەش بەو هیوایەی ئەمجارە پارتی واز لەم عینادییە سیاسییە بینێت و بۆ تەنها جارێك بیر لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و ئەم بەرژەوەندییە حزبە وەلانێت چونكە گەلەكەمان لەدۆخێكی سەختی ژیان و تەواو نیگەرانی خراپ بەڕێوەچوونی حوكمڕانیدایە .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە