کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت چی روودەدات؟

.

02:47 PM - 01/04/2024

ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت چی روودەدات؟

ئاوات خەیروڵا*

لێكەوتە یاساییەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەرووی یاساییەوە

 

هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت و ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دۆخەكە زۆر مەترسیدار دەكات و سیستمی سیاسی شەرعییەتی نابێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی كوردستان زۆرگرنگ و پێویستیی هەنووكەیییە، بەتایبەت بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەروەها بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی كیانی هەرێمەوە بگرە تا پێكهێنانیی حكومەت و كۆتاییهێنان بەكاربەڕێكەریی حكومەتەكە.

لەماوەی رابردوو چەندبارە دووبارەبوونەوەی دواخستنی هەڵبژاردن، بۆشایییەكی زۆری لە هەرێم دروستكرد، كە وابكات ئەو سكاڵا یاساییانەی لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرابن، دادگاكە بڕیارە یاساییەكانی خۆی بدات و ئەم لێكەوتانە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەكاتێكدا دەكرا پێشتر لە هەرێم ئەوكارانە بكرانایە بە كۆدەنگی لایەن و دامەزراوەكان، نەك بەمشێوەی لەبەغداوە بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێندرێت.     

دوای بایكۆتەكەی پارتی ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوا مەترسییەکی زۆر گەورە هەیە کە دادگای فیدراڵی عیراق شەرعیەتی دامەزراوە رەسمییەكانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی هەرێم دەستورێكی نییە، ئەوەش هەرێم دەخاتە بەردەم دووڕیانێكی نادیار كە ئایا ئەوكات هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی و عیراقی مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەكەن یاخود نا؟. 

بەوەش زەبرێكی تری كوشندە بەر هەرێم دەكەوێت، كە لە لێكەوتەكانی ریفراندۆم كەمتر نابێت، بەتایبەت ئێستا دۆخی هەرێم جیاوازترە لەوكات، بەهۆی ئەوەی خۆی گرفتی ئابوریی هەیە و کارتی گوشاری نییە و نەوت نافرۆشێت، لەكاتێكدا پێشتر بە پرسی نەوت و ئابورییی سەربەخۆ دەیتوانی وەكو گوشار بەكاریان بهێنێت.

 بۆیە ئێستا زەبرەكە كوشندەتر دەبێت، لەناوخۆشدا متمانەی جەماوەریی لەدەستداوە و تادێت قەرزەكانی سەر هەرێم كەڵەكە دەبن و هەرێمیش هیچ بەدیلێكی نەوتی نییە. بۆیە، باشترین بژاردە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەیە، بۆ پاراستنی قەوارەی دەستوریی و یاسایی هەرێم و مانەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێم و ئەو بەدەمەوە هاتنەی كۆمەڵگەی كوردی بۆ قەزیەی كورد هەیان بووە، چونكە ئەگەر هەڵبژاردنەكە نەكرێت ئەوەی دەیان ساڵ خەبات و قوربانی بۆدرا دەبێتە قوربانی ئینكاریی سیاسیی و لایەنێك لێی بەرپرسیار دەبێت، كە دروشمە سەرەكییەكانی:

 "دەوڵەتی كوردی و پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێم بووە".

*نوسەرو پارێزەر

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە