کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بۆ هەڵبژاردن ناکەن؟

.

12:49 PM - 31/03/2024

بۆ هەڵبژاردن ناکەن؟

ئارێز عەبدوڵلا

چەندین ساڵە حزبەکان ئەو گلەیانە لە پارتی دەکەن، کە ئەمڕۆ خۆی دەیکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن کراوە و لایەنەکانیش هەر بەشداریان کردوە، کەچی ئێستا پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت دەکات!

بەشداری کردن و نەکردن مافی هەر حزب و تاکێکە، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و یەکێتیش جیاوازە، چونکە ئەو دوو هێزە ئەگەر بیانەوێ (بەداخەوە) دەتوانن  رێگری لە هەڵبژارنێکی سەرتاسەری بکەن. رێگری کردن لە هەڵبژاردن کارێکی نایاساییە، بەڵام دامودەزگا نیشتمانیەکانی هەرێم ئەو توانایەیان نییە، کە نەهێڵن رێگری بکرێ یان ئەو لایەنە سزا بدەن کە ڕێگری لە هەڵبژاردن دەکات. 

بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و بە دەستورەکەشیەوە پابەندە، کەواتە بەگەڕانەوە بۆ ئەو دەستورە دامودەزگا فیدراڵیەکان بۆیان هەیە بەهەژموونی خۆیان ئەو رێگرییە نەهێڵن. 

ئایا ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان باشە، کە دامەزراوەکانی فیدراڵی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن؟

 بێگومان ئەوە بۆ ئاییندە و سەروەریی هەرێم باش نییە، بەڵام ئایا کێیە دەبێتە هۆکاری گرتنەبەری رێگایەکی لەو جۆرە؟

 نامەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دیارە هەندێ لایەن فێربوونە دەستی چەوری خۆیان بە سمێڵی خەڵکی تر دەسڕنەوە، هەر وێستگەیەک یان هەر سیاسەتێکیان بەدڵ نەبێ لەژێر دروشمی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرەنگاری دەبنەوە و بابەتە سەرەکیەکەش هەر لەبیر دەبەنەوە! 

دەزانین بڕیارەکانی ئەو دواییەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندیی پارتی نەبوون، بەڵام ئایا هەر یاسا و بڕیارێک ئەگەر لە بەرژەوەندیی پارتی نەبێت لە بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی کوردستانیش نییە؟ 

بێگومان نا، چونکە لەمەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمدا جگە لە پارتی لایەنەکانی تریش هەن، بۆیە دەبێ پارتی ئەو ڕاستییە بزانێ کە مەرج نییە هەموو کات بەرژەوەندیی ئەو بڕیتی بێ لە بەرژەوەندیی گشتی گەل، هەمان ئەو قسەیەم بۆ یەکێتی و لایەنەکانی تریش راستە.

پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هێزی یەکەم بوو، دامودەزگاکانی هەرێمی لەبەر دەستدا بوون و کاک مسعودیش وەک دێرینترین سەرکردە و هەشت ساڵیش سەرۆکی هەرێم کاریگەریەکی گەورەی هەبوو، واتە ئەو هێزەیان بەزیادەوە هەبوو کە پێش ئەوەی ماوەی پەرلەمان بەسەر بچێ بەگفتوگۆیەکی نیشتمانیی لەگەڵ هێزەکانی تر لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕێکبکەون، کەچی بەداخەوە ئەو دەرفەتەیان لەدەستخۆدا و دواتریش دێن گلەیی ئەوە دەکەن کە لایەنەکانی تر پەنایا بۆ دادگای فیدراڵی بردوە!  

هیچ نیشتمانپەروەرێک نییە خەفەت بۆ ئەو بارودۆخە نەخوا کە بەنەزانی و خۆپەرستی دروستبووە. پارتی دەیتوانی ریشی هەرێم نەخرێتە دەست هیچ لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی لێیچاوەڕوان دەکرا نەیکرد!   ئەمڕۆ پارتی دووپاتی کردەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات. خۆزگە ئەو هەواڵەمان نەدەبیست، چونکە بەدواخستنی هەڵبژاردن پرۆسێسی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان نەک دەوەستێ، بەڵکو بۆ دواوەش دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەش بۆ دواوە ئەگەر و پێشهاتی مەترسیداری لێ دەخوێندرێنەوە.

ئاشکرایە ئێمە لەناو قەیرانێکی سیاسی گەورەداین، ئەگەر زوو ڕێگا چارەسەرەکانی ئەو قەیرانە دەستنیشان نەکەین و نیشتمانیانە بیرنەکەینەوە ئەوا بە ئاقارێکی خراپدا هەنگاو دەنێین. بەرپرسیاریەتیە مێژووییە گەورەکەش لە گەورەوە دەست پێدەکات، کەواتە ئەو لایەنەی خۆی پێ گەورەیە، پێویستە لەم قەیرانەدا پشو درێژتربێ و بۆ چارەسەرکردنیش بەرپرسانە و باشتر بێتە پێشەوە. دەنا بێگومان بزووتنەوەی مێژوو لەسەر هیچ کەس و لایەنێک ناوەستێ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە